دوای 8 ساڵ؛ سوپای تورکیا لە عەفرین کشایەوە
سوپای تورکیا بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2018وە یەکێک لە گوندەکانی شاری عەفرینی لە ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ کرد و زانیارییەکانیش باس لە وێرانبوونی ژمارەیەک ماڵ دەکەن لەو ناوچەیە.
چۆڵکردنی گوندی باسلێ
سەرچاوەیەک لە شاری عەفرین بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاندووە، سوپای تورکیا گوندی باسلێی چۆڵ کردووە. ئەمە یەکەمجارە لە دوای 18ی ئازاری 2018وە کە تورکیا دەستی بەسەر عەفریندا گرت، هێزەکانی لە گوندێکی ئەو شارە بکشێنەوە. لەو ماوەیەدا ڕێگە بە هیچ هاونیشتمانییەکی ئەو گوندە نەدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وێرانکاری و نەبوونی قەرەبوو
بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپای تورکیا بەهۆی دروستکردنی بارەگای سەربازییەوە، چەندین ماڵی هاونیشتمانییانی ئەو گوندەی وێران کردووە. ئێستا ئەو ماڵانە بە کەڵکی نیشتەجێبوون نەماون و تاوەکو ئێستاش هیچ باسێک لە قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان لە ئارادا نییە.
بارەگا و گوندە داگیرکراوەکانی دیکە
سەرەڕای کشانەوە لە باسلێ، سوپای تورکیا هێشتا لە 4 گوندی دیکەی عەفرین ماوەتەوە کە بریتین لە گوندەکانی (چیێ، جلبرێ، دەروێش و شێخۆرزێ). هەروەها بارەگایەکی سەربازیی گەورەی تورکیا لە گوندی باسۆفان وەک خۆی ماوەتەوە و چۆڵ نەکراوە.
پێشێلکاری و ئاوارەبوونی کوردان
لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا، دەیان هەزار هاونیشتمانیی کورد لە شاری عەفرین ئاوارە بوون. ئەو هاونیشتمانییانەشی کە لە شارەکەدا مابوونەوە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری و توندوتیژی بوونەتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا