کەچەڵی ئەم سوودەی بۆ تەندروستیی پیاوان هەیە

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەشێکی پیاوان لە تەمەنێکی کەمەوە قژیان لەدەست دەدەن و کەچەڵ دەبن، ئەمەش دەکرێت گرفتی دەروونی و کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوونی لێبکەوێتەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە کەچەڵی دەکرێت سوودێکی گەورەی تەندروستیی هەبێت.

لە ئەمریکا، نزیکەی 25%ـی پیاوان پێش تەمەنی 30 ساڵی قژیان دەست بە هەڵوەرین دەکات و دوو لەسەر سێشیان تاوەکو تەمەنی 35 ساڵی هەست بەم گۆڕانکارییە دەکەن.

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر پیاوانی تەمەن 35-76 ساڵ کرا و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو پیاوانەی لە تەمەنی 30 ساڵیدا کەچەڵبوون، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە ڕێژەی 29% کەمتربوو، هاوکات ئەو پیاوانەی لە تەمەنێکی کەمتردا کەچەڵ بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە ڕێژەی 45% کەمتربوو.

لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا پەیوەندیی نێوان کەچەڵبوون و شێرپەنجەی پڕۆستات ڕوون نییە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەندیی بە جینێکەوە هەیە کە کاریگەری لەسەر هەردوو گرفتەکە دادەنێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی کەچەڵبوون زۆریی جۆرێکی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنە کە هۆرمۆنی نێرینەشی پێدەڵێن، ئەم زۆرییە وادەکات سەلکی موو بەهای خۆراکیی پێویستی پێنەگات، بەمەش سەلکی موو بچوکدەبێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات لەناودەچێت، هەمان هۆرمۆن کاریگەریی لەسەر شێرپەنجەی پڕۆستاتیش هەیە.

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا