وەزارەتی داد: خالید شوانی لە ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕزگاری بوو و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە
وەزارەتی دادی عێراق وردەکاریی ئەو ڕووداوە هاتوچۆیە ئاشکرا دەکات کە لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداد بەسەر ئۆتۆمبێلی خالید شوانی و شاندێکی یاوەریدا هات.
کات و شوێنی ڕووداوەکە
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد ڕایگەیاند، ڕووداوەکە کاتژمێر 09:30ـی شەوی دووشەممە لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ڕوویداوە. خالید شوانی، وەزیری داد و زیاد تەمیمی، بریکاری باڵای وەزارەت لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کاتێک ئۆتۆمبێلێکی دیکە بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی پێدا کێشاون.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هاتوچۆ
لێکۆڵینەوەی تیمەکانی هاتوچۆ لە شوێنی ڕووداوەکە ئەوەی سەلماندووە کە هۆکاری سەرەکی پێکدادانەکە ئۆتۆمبێلی بەرانبەر بووە. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکە بە ڕێژەی 100% هەڵە بووە، چونکە خێراییەکی زۆری هەبووە و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ نەبووە.
زیانەکان و باری تەندروستی وەزیر
گوتەبێژی وەزارەتی داد جەختی کردەوە کە ڕووداوەکە تەنیا زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووە. وەزیری داد و بریکاری وەزارەت بە تەواوەتی سەلامەتن و ڕووداوەکە هیچ بریندار یان زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا