ساڵێک بەسەر کوژرانی حەسەن سەربەرزدا تێدەپەڕێت؛ بکوژەکەی لەلایەن پارتییەوە داڵدە دراوە و ڕادەستی دادگا نەکراوە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بنەماڵەی حەسەن ڕەحمان، ناسراو بە حەسەن سەربەرز ئەمڕۆ چوونە سەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی گوندی ڕەژووکەریان و یادیان کردەوە
بنەماڵەی حەسەن ڕەحمان، ناسراو بە حەسەن سەربەرز ئەمڕۆ چوونە سەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی گوندی ڕەژووکەریان و یادیان کردەوە

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کوژرانی حەسەن سەربەرزدا تێدەپەڕێت، ئەو هاونیشتمانییەی لە کاتی داواکردنی مافی کارەبا لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشی سۆرانەوە کوژرا. کەسوکارەکەی دەڵێن بکوژەکە داڵدەدراوە و ڕادەستی دادگا ناکرێت، هاوکات مووچەی خانەنشینییەکەی وەک کارتێکی فشار بۆ کشانەوە لە سکاڵا یاساییەکەیان بە بارمتە گیراوە و ڕادەستیان ناکرێت.

داڵدەدانی بکوژەکە و بێئومێدی لە سیستمی دادوەری

بنەماڵەی حەسەن ڕەحمان، ناسراو بە حەسەن سەربەرز ئەمڕۆ چوونە سەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی گوندی ڕەژووکەریان. نوێنەری بنەماڵەکە لەبارەی ڕادەستنەکردنی بکوژەکەوە بە دادگا ڕایگەیاند "بکوژی حەسەن کە کارمەندێکی ئاسایشی سۆرانە، لەلایەن پارتییەوە داڵدە دراوە و بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆی ڕادەستی دادگا نەکراوە". هەروەها لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە ئاماژەی بەوە کرد کە ڕادەستنەکردنی ناهەقییەکی گەورەیە بەرامبەر خوێنی حەسەن و هەروەها سووکایەتیکردنە بە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان.

مووچەی خانەنشینی وەک بارمتەیەک بۆ کشانەوە لە سکاڵا

نەک هەر بکوژەکە ڕادەستی دادگا نەکراوە، تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان مووچەی خانەنشینی حەسەن سەربەرزی بە بارمتە گرتووە و بە کەسوکارەکەیان گوتووە، ئەگەر لە بکوژەکە خۆشبن، ئەوا مووچەکە دەدەین بە ژن و منداڵەکانی.

فشارەکان و پێداگریی بنەماڵەی حەسەن سەربەرز

حەسەن سەربەرز، کارمەندی بەرگری و فریاکەوتن بووە. بنەماڵەکەی لەبارەی ئەو فشارانەی دەخرێنە سەریان بۆ کشانەوە لە دۆسیەکە دەڵێن، مووچەی خانەنشینییەکە کراوەتە کارتی فشار و دەیانەوێت سکاڵا یاساییەکە بکشێنینەوە و ئینجا ئەوانیش مووچەکە خەرج بکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە "بەڵام ئێمە چۆک بۆ ئەو فشارانە دانادەین و دەستبەرداری خوێنی حەسەن سەربەرز نابین".

بێئومێدبوون لە هەنگاوەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر

بنەماڵەی حەسەن سەربەرز جەخت دەکەنەوە متمانەیان بە حکومەتی کاربەڕێکەر نەماوە و چاوەڕوانی بڕیارەکانی حکومەت ناکەن بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە، هەربۆیە ڕایدەگەیەنن، "لای ئەوان لە دادگا ئەو دۆسیەیە کۆتایی هاتووە و خۆیان دەستکراوەن هەر ڕێگەیەک بگرنەبەر".

چیرۆکی ئەو ڕۆژەی حەسەن ڕەحمانی تێدا کوژرا

14ـی تەمموزی ساڵی 2025، حەسەن ڕەحمان تەمەن 45 ساڵ کارمەندی بەرگری و فریاکەوتن بوو، لە گەرمای هاویندا و بۆ داواکردنی سەرەتاییترین مافی خۆی کە پێدانی کارەبا بوو، ڕووی لە شەقام کرد، بەڵام لە کاتی خۆپیشاندانەکەی دانیشتووانی وەرتێدا، بە بەرچاوی خەڵک و کەسوکارییەوە بە فیشەک پێکرا و گیانی لەدەستدا.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا