پارێزەرێکی ئەمیر تەتەلوو چەند داواکارییەکی پێشکەش بە دادگای ئێران کرد
پەیوەست بە هەوڵی ئازادکردنی لە زیندان و ئاسانکردنی دۆسیەکەی، پارێزەرێکی ئەمیر تەتەلوو گۆرانیبێژی زیندانیکراوی فارس، چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی دادگای ئێران کردووە.

داوای ئازادکردنی بێمەرج دەکات
عاتیفە حازق، یەکێک لە پارێزەرانی ئەمیر حسێن مەقسودئۆغلو ناسراو بە ئەمیر تەتەلوو، بە فەرمی داوای دەنگدانێکی کراوە دەکات بۆ ئازادکردنی بێمەرجی تەتەلوو لە زیندان و ئاشکرای دەکات کە ئەم داوایەی پێشکەش بە دادگای ئێران کردووە.

هەلومەرج هەیە بۆ ئازادکردنی
حازق جەخت لەوە دەکاتەوە؛ پەیوەست بە پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران، "ئێستا بەشێک لەو هونەرمەند و گۆرانیبێژانەی جێگەی سەرنجی حکومەتن، بەگوێرەی مۆڵەتی تایبەت، دەتوانن کار بکەن" ئەمەش پەیوەست بە دۆسیەکەی تەتەلوو دەکرێت جێبەجێ بکرێت و "تەتەلوو گۆرانیی نیشتمانیی و ئایینی پێشکەش بە ئێران کردووە" و دەکرێت هەلومەرجی پێویست بسازێنێت بۆ ئازادکردنی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تەتەلوو لە ماوەی ڕابردوودا بە فەرمی داوای لێبوردن و تۆبەکردنی پێشکەش بە دادگا کرد و پەسەند کرا.

تەتەلوو کێیە؟
ئەمیر حسێن مەقسودئۆغڵو، ناسراو بە تەتەلوو، لە دیارترین ڕاپەر و گۆرانیبێژانی ئێرانە، بە ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی و شێوە و ڕووخساری ناوبانگێکی گەورەی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پەیداکردووە، لەماوەی ڕابردوودا، تورکیا ڕادەستی ئێرانی کردەوە و ئێستا لە زینداندایە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا