دەنگی تەقینەوە لە چەند شارێکی کەناراوی ئێران بیسترا؛ تەقینەوەکان کوژراو برینداری لێکەوتووەتەوە

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی بەرزبوونەوەی تەقینەوەیەک لە ئێران. فۆتۆ: AFP
دیمەنی بەرزبوونەوەی تەقینەوەیەک لە ئێران. فۆتۆ: AFP

نیوەڕۆی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز ژمارەیەک ناوچەی کەناراوی و ستراتیژیی ئێرانیان لە باشووری ئەو وڵاتە هەژاند، کە میدیای فەرمیی تاران وەک هێرشی ئەمریکا ناویان دەبات؛ هاوکات بەرپرسانی سەربازیی ئێران هۆشداری دەدەن کە بە هیچ جۆرە فشارێکی سەربازی، گەرووی هوورمز بە ڕووی کەشتیگەلەکانی ئەمریکادا ناکرێتەوە.

بابەتی کردنەوەی گەرووی هوورمز

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ژمارەیەک ناوچەی کەناراویی ئێران بیستراون، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لەبارەی چارەنووسی گەرووی هوورمزەوە دەڵێت "هەرگیز گەرووی هوورمز بە دەستدرێژیی ئەمریکا ناکرێتەوە".

بەئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان لە بوشەهر و خوزستان و هورمزگان

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران 4 پێگە لە شاری بوشەهر لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە ئامانج گیراون. لە ناوچەکانی ئابادان و ماهشەهر لە نزیک بەندەری ئیمام خومەینی لە پارێزگای خوزستان دەنگی تەقینەوە بیستراوە. هاوکات دەنگی 5 تەقینەوەی گەورە لە ڕۆژئاوای بەندەر عەباس لە هورمزگان بیستراون، پارێزگاری هورمزگان لەبارەی قوربانیانی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە 3 کەس کوژراون. هەر بەگوێرەی میدیای ئێران شارەکانی بوشەهر و چوغادک و مەعشور بەر هێرشی ئەمریکا کەوتوون.

مەرجەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز

لە بەرامبەردا محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، گەرووی هوورمز هەرگیز بە شەڕ و دەستدرێژیی ئەمریکا ناکرێتەوە، هەروەها ناوبراو لەبارەی مافەکانی وڵاتەکەیەوە گوتیشی "تاکە ڕێگەی کردنەوەی گەرووەکە ڕێزگرتنە لە مافەکانی خەڵکی ئێران".

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا