تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار دابەزى؛ 100 دۆلار گەیشتە 18.5 ملیۆن تمەن
هاوكات لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی تاران و هەرێمی کوردستان تووشی دابەزینێکی پێوانەیی بووەوە؛ بە جۆرێک نرخی حەواڵە و کاش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بازاڕەکانی شڵەژاندووە.
نرخی حەواڵەی دۆلار بەرامبەر تمەن
بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 18 ملیۆن و 500 هەزار تمەن، لەکاتێکدا هەفتەیەک لەمەوبەر تەنیا بە 17 ملیۆن و 500 هەزار تمەن بوو بە حەواڵە.
جیاوازیی نرخی کاش و حەواڵە و کاریگەریی لەسەر دینار
هەروەها بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 16 ملیۆن تمەنە بەکاش کە هەفتەی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بە 15 ملیۆن تمەن بووە و بۆ هەر 100 دۆلارێک بۆ حەواڵە و کاش بەهاکەی یەک ملیۆن دابەزیوە، هاوکات بەهای 100 هەزار تمەن بە 960 دینارە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو بە 1050 دینار بوو.
بازاڕە سەرەکییەکانی مامەڵەکردن بە تمەنەوە
تمەن، لە بازاڕەکانی دراوی تاران، هێرات لە ئەفغانستان و سلێمانی زۆرترین مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەتایبەت بازرگانان تمەن حەواڵە دەکەن بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان لە ئێران.
هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی
دانا مەولود، مامەڵەکاری دراو لە بازاڕی دراوی سلێمانی، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن بۆ هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان گەڕاندەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا