کۆتایهاتن بە ئاگربەستی 4 ساڵە؛ هەڵکشانە سەربازییەکانی نێوان سعودیە و حوسییەکان دەستیپێکردەوە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هێرشێکی سەر فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن. فۆتۆ: AFP
هێرشێکی سەر فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن. فۆتۆ: AFP

دوای چوار ساڵ لە ئارامی، ئاگربەستی نێوان سعودیە و حوسییەکان بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان و نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەنعا کۆتایی هات؛ ئەم هەڵکشانە سەربازییە نوێیە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی گشتگیر و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.

هەڵکشانی سەربازی و کۆتاییهاتنی ئاگربەست

ئاگربەستی چوار ساڵەی نێوان سعودیە و گرووپی ئەنساروڵای سەر بە حوسییەکانی یەمەن بەهۆی هەڵکشانی سەربازییەوە کۆتایی هات. ئەو کاتە بابەتەکە یەکلابووەوە کە ڕۆژی دووشەممە، حوسییەکان مووشەکیان بە ئاراستەی سعودیە هەڵدا و تۆمەتباریان کردن بەوەی هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای ژێر دەسەڵاتی ئەوان.

بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی ئەبها و وەڵامی سعودیە

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لەبارەی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری ئەبها لە سنووری یەمەن ڕایگەیاند، گرووپەکەیان ئەو شوێنەیان کردووەتە ئامانج، لە لایەن خۆشیانەوە گرووپەکانی سەر بە سعودیە ڕایانگەیاند، هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو هەڕەشانە کردووە.

یەکەم هێرشی حوسییەکان دوای ساڵی 2022

ئەم هەڵکشانە سەربازییە بووە یەکەم هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە لەو کاتەوەی ئاگربەستێکی نافەرمی لە 2022 چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا ئەم هێرشانە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاگربەستەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە وا خەریکە جەنگی ئەمریکا و ئێرانیش دەست پێ دەکاتەوە.

گەیشتنی فڕۆکەی ئێرانی و دەسپێکی گرژییەکان

ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی دوای 10 ڕۆژ لە هەڕەشە و گۆڕینەوەی تۆمەت پاش گەیشتنی فڕۆکەیەکی ئێرانی بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا دەستی پێ کرد. لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی 3ی تەممووز، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێران، دەچێتە سنووری ئاسمانیی یەمەن و لە فڕۆکەخانەی سەنعا کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانە دەنیشێتەوە.

کاردانەوەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی بەرامبەر نیشتنەوەی فڕۆکەکە

ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن لەبارەی نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکەوە ئەو هەنگاوەی بە "هەڵکشانێکی مەترسیدار و بەزاندنی سنوورەکانی سەروەریی یەمەن" وەسف کرد.

بەرپرسیارێتیی حوسییەکان لە پاراستنی سەروەریی وڵات

ئەنجوومەنەکە لەبارەی دەرەنجامەکانی ئەم هەڵکشانە هۆشداریدا لەوەی ئێران نابێت بەردەوام بێت لەم جۆرە هەڵکشانانە و گرووپە چەکدارەکانی حوسییەکانیش سەرجەم بەرپرسیارێتیی ئەم سنووربەزاندنە دەبێت لە ئەستۆ بگرن.

یاساکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان

ئەم بڕیارەش بەهۆی ئەو یاسایانەی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە لەسەر جووڵەی فڕۆکەوانیی یەمەن دایناوە کە جووڵەی فڕۆکەی ئێرانی بۆ ئاسمانی وڵاتەکە سنووردار دەکات.

شارەزایانی سەربازیی نێو فڕۆکە ئێرانییەکە

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لەبارەی ناسنامەی سەرنشینانی فڕۆکەکە گوتی، لەناو ئەو فڕۆکەیە ژمارەیەک ئەندامی سەربازی، ئەمنی و شارەزایانی ئێرانیی تایبەتمەند بە درۆن و سیستمی مووشەکی هەبووە.

تێڕوانینی حوسییەکان بۆ ئامانجی گەشتەکە

حوسییەکان لەبارەی ئامانجی گەشتە ئاسمانییەکە و سەرنشینەکانی دەڵێن، فڕۆکەکە 200 هاووڵاتیی هەڵگرتبوو کە گیریان خواردبوو یاخود بریندار و نەخۆش بوون، لەگەڵ خۆشیان فڕۆکەکە شاندێکی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی بردووەتەوە بۆ ئێران.

بەڵێنی حوسییەکان بۆ بەردەوامیی گەشتەکانی تاران

حوسییەکان لەبارەی گەشتەکانی نێوان تاران و سەنعا بەڵێنیان داوە گەشتەکان لە چوارچێوەی کۆتاییهێنانی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکە بەردەوام بێت و سووریشن لەسەر ئەوەی شاندەکەیان هەر بە فڕۆکە ئێرانییەکە بگەڕێنەوە یەمەن.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تاران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پاڵپشتیی تاران بۆ حوسییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکان دەڵێت، تاران ئامادەیە سەرجەم هێزە دیپلۆماسییەکانی لە پێناو هەڵگرتنی گەمارۆکان لە یەمەن بەکار بهێنێت.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا