ئێرانییەکان نیگەرانن لە سەرهەڵدانەوەى جەنگ
لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڕەشەکانی واشنتن و تاران بۆ سەر یەکتری، گەرووی هوورمز کەوتووەتە چەقی ململانێیەکی قووڵەوە؛ لەکاتێکدا هاووڵاتییانی ئێرانی لە نێوان دڵەڕاوکێی جەنگ و پاراستنی شکۆدا دەژین، پەرلەمانی وڵاتەکەش دەستبەرداربوون لە گەرووەکە بە هێڵی سوور دەزانێت.
لە مێزی دانوستانەوە بۆ جەنگ
ئێران و ئەمریکا لە مێزی دانوستانەوە بەرەو مەیدانی جەنگ دەڕۆن. ئێرانییەکان کە 5 مانگە لەنێوان جەنگ و ئاگربەستدا ژیان دەکەن، هەم لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ نیگەرانن، هەمیش نایانەوێت وڵاتەکەیان خۆی ڕادەستی خواستەکانی ئەمریکا بکات.
هەستی ناخۆشی جەنگ
دانیشتوویەکی شاری تاران لەبارەی دۆخی جەنگیی وڵاتەکەیانەوە گوتی، "هەستێکی ناخۆشمان هەیە، کاتێک دەبینین وڵاتەکەمان لە دۆخی جەنگدایە، دەبینین خەڵک دەکوژرێن، ڕاستە ئەوەش سروشتی جەنگە، وەک هەمیشە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین و ئەوە پێشینەی وڵاتی ئێمەیە، لە دێرزەمانەوە تاوەکو ئێستا هەمیشە بەرگریمان کردووە و دەیکەین، ئەوە مافی ئاسایی هەر میللەتێکە کە هێرش دەکرێتە سەری، بەرگری بکات".
پێداگری لەسەر سەرکەوتن
یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی تاران لەبارەی چارەنووسی ئەم جەنگەوە گوتی، "ئەگەر ئەم جەنگە دووبارە ڕووبداتەوە، ئێمە دەیبەینەوە، بەڵێنی خودای گەورەیە و دەبێت ئەمریکا، ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپاش تێکبشکێن، ئەوان هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە پابەندی بە خواستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران".
گەرووی هوورمز؛ چەقی ململانێی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی
گەرووی هوورمز ئێستا بووەتە چەقی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن، نائارامییەکی تەواو باڵی بەسەردا کێشاوە، ئەمریکا دەیەوێت کۆنترۆڵی بکات و ئێرانیش دەڵێت هەرگیز ڕێگە بەوە نادەن. ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لەبارەی چارەنووسی گەرووی هوورمزەوە ڕایگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەماندا، هەموو پەرلەمانتاران پێداگربوون لەسەر ئەوەی بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز هێڵی سوورە و هەر دەبێت لە دەستی تاراندا بێت.
توندبوونی زمانی هەڕەشەکانی ترەمپ بەرامبەر بە تاران
جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ئەمجارە زمانی ترەمپ بەرامبەر ئێران توند و زبرە و دەڵێت، گەمارۆی دەریاییان بەسەردا دەسەپێنێتەوە و لە هەڕەشەکانیشی ناوەستێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی توانای هێرشبردن و گەمارۆدانی ئێرانەوە گوتی، "ئێمە هەموو تواناکانی هێرشکردنیان لەناودەبەین، گەمارۆیان بەسەردا دەسەپێنینەوە، ئەوە گەمارۆیەکە بۆ کەس نییە جگە لە ئێران، بە واتایەکی دیکە هەر کەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکات ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت، بۆیە گەمارۆکە زۆر بەهێزە، ڕەنگە تەنانەت هێرشکردنە سەریان کاریگەرتر بێت، بەڵام من بۆچوونم وایە ئەگەر بەیەکەوە بێت کاری خۆی دەکات".
یاداشتی لێکتێگەیشتنێک کە نەبووە ڕێککەوتنی درێژخایەن
سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی ئەمجارە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن دێت لەنێوان هەردووکیاندا، کە هیچ کات بە تەواوەتی پێوەی پابەند نەبوون و سەری نەکێشا بۆ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا