وەزارەتی ناوخۆى عێراق: ئەمساڵ ڕێژەی تاوان 18% دابەزیوە و دەستیش بەسەر 2 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ی عێراق
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی تاوان و دەستگیرکردنی هەزاران تۆمەتبار دەدات. بەگوێرەی ئامارەکان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان چڕکراونەتەوە و تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی دوو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و سزای تووند بۆ بازرگانەکان دەرچووە.

دابەزینی ڕێژەی تاوان لە نیوەی یەکەمی ساڵدا

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ئامارەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵەوە ڕایگەیاند، ڕێژەی تاوان لە سەرتاسەری وڵات لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 18% کەمیکردووە و لە بواری لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکانیش لەو ماوەیەدا دەست بەسەر نزیکەی 2000 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

بەراوردکردنی ئاستی تاوانەکان لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دابەزینی ئاستی تاوانەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا کرا و پەیامنێری کەناڵ8 ئامادەی بوو، نیوەی یەکەمی ئەمساڵ شاهیدی دابەزینی ڕێژەی تاوان بووە بە ڕێژەی 18% بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵانی ڕابردوودا.

تاوان و ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی جوگرافیای تاوان و توندوتیژیی خێزانییەوە ڕاشیگەیاند، "کەمترین ڕێژەی تاوان لە بەغدای پایتەخت بووە، بەرزترین ئاستی تاوانیش لە بەسڕە بووە، هەروەها 9023 حاڵەتی دەستدرێژیکردنی پیاوان بۆ سەر هاوسەرەکانیان تۆمارکراوە، لە بەرامبەردا 2235 حاڵەتی دەستدرێژیکردنی ژن بۆ سەر هاوسەرەکانیان هەبووە".

ئاماری سکاڵا خێزانییەکان

میقداد میری لەبارەی سکاڵا خێزانییەکان و حاڵەتەکانی خۆکوشتنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی سکاڵا خێزانییەکان زیاد لە 16000 سکاڵا بووە، بەشێکیان بە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی چارەسەرکراون و نەبراونەتە دادگا؛ هەروەها هۆشداریی دا لە زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن، بە جۆرێک لە شەش مانگدا 617 حاڵەت تۆمارکراون و 766 کەسیش بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکراون.

هەڵمەتەکانی دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر و سزای بازرگانان

بەگوێرەی ئامارەکە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 1977 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها 3553 تۆمەتبار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدان بۆ 85 کەسیان دەرچووە و 236 کەسی دیکەشیان سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ دەرچووە.

ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکانەوە ڕوونیکردەوە، وەزارەتەکەی 17 ئۆپراسیۆنی لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە کردووە.

ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە توندڕەوەکان

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە توندڕەوەکانەوە جەختیشی کردەوە، 289 تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و 102 تۆمەتبار بەهۆی پەیوەندییان بە بزووتنەوە ئایینییە توندڕەوەکان و پڕوپاگەندە بۆ حیزبی بەعس و 50 تۆمەتبار بە تاوانی قاچاخچێتیی شوێنەوار، دەستگیرکراون.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و بازرگانیی مرۆڤ

میقداد میری لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 83 تۆمەتبار بە تاوانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، 25 تۆمەتبار بە تاوانی فێڵکردنی دارایی، هەروەها 52 تۆمەتبار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

ئاماری سزاکانی پێبژاردنی هاتوچۆ لە شەش مانگی یەکەمدا

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی سزاکانی پێبژاردنی هاتوچۆوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گوتی، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ملیۆن و 638 هەزار سزای پێبژاردن تۆمار کراون.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا