توندوتیژیی دژ بە ژنان؛ لە 6 مانگی ئەمساڵدا لە تورکیا 150 ژن کوژراون
ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا ئاشکرای دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 150 ژن کوژراون و 151 دۆسیەی گوماناویش تۆمارکراون و ئەمەش نیشاندەری هەڵکشانی توندوتیژیی خێزانی و قووڵبوونەوەی قەیرانەکانە دوای کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتننامەی ئیستانبوڵ و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنانیش هۆکاری ئەم دۆخە بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی پاراستنی یاسایی دەگێڕنەوە.
هەڵکشانی ئاماری کوشتنی ژنان لە تورکیا
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لەو وڵاتە 150 ژن کوژراون.
مردنە گوماناوییەکان
پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان ڕادەگرین" ڕاپۆرتی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و لەو ماوەیەدا 150 ژن کوژراون و هەروەها 151 حاڵەتی گوماناوی مردنی ژنان تۆمارکراون. ئەمە جگە لەوەی 12 دۆسیەی ساڵانی ڕابردوو ڕوونبوونەتەوە کە وەک "مردنی گوماناوی" تۆمارکرابوون و دەرکەوتووە کە ئەو ژنانە کوژراون نەک مردبن.
کاریگەریی قەیرانی ئابووری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی
پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان ڕادەگرین" لەبارەی هۆکارەکانی کوشتنی ژنانەوە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، توندوتیژی بە پاساوی جیاواز زیاتر بووە، بە شێوەیەک 7%ی ئەو ژنانە بە پاساوی ئابووری کوژراون.
لێکەوتەکانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئیستانبوڵ
پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان ڕادەگرین" لەبارەی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئیستانبوڵەوە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتننامەی ئیستانبوڵ، لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا ژیانی ژنان کەوتووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەترەوە بەراورد بە ڕابردوو.
بەراوردکاریی ئاماری کوژراوان لە پێنج ساڵی ڕابردوودا
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی 2021دا 131 ژن، لە هەمان ماوەی 2022دا 164 ژن، لە شەش مانگی یەکەمی 2023دا 147 ژن، لە هەمان ماوەی 2024دا 205 ژن و لە شەش مانگی یەکەمی 2025دا 136 ژن کوژراون.
بکوژەکان لە بازنەی هەرە نزیکی قوربانییانن
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ژنان زیاتر لە لایەن "کەسە هەرە نزیکەکانیانەوە" دەکوژرێن.
پەیوەندیی بکوژەکان بە قوربانییەکانەوە
لەو 150 ژنەی لە 2026دا کوژراون، 64یان لە لایەن هاوسەرەکانیان، 17یان لە لایەن ئەو پیاوەی لەگەڵیدا ژیاون، 10یان لە لایەن هاوسەری پێشوویانەوە و 4یشیان لە لایەن هاوبەشی پێشووی ژیانیانەوە کوژراون کە دەکاتە کۆی گشتیی 95 ژن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا