لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 10 کەس کوژراون
ئەمڕۆ لە هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، 10 کەس کوژراون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.
کوژراوەکان ژن و منداڵیان تێدایە
بەگوێرەی داتای نەخۆشخانەکانی غەززە، لەو 10 کەسەی کوژراون، ژن و منداڵیان تێدایە، هاوکات وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە پشتڕاستیکردەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەمپی پەنابەرانی جبالیا، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر، لەو بۆردوومانەکاندا کوژراون کە بنکەیەکی پۆلیسی لەو ناوچەیەدا کردووەتە ئامانج.
تا ئیستا زیاتر لە 73 هەزار کەس کوژراون
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، گەیشتووەتە 73 هەزار و 232 کەس و ژمارەی برینداران بۆ 173 هەزار و 686 کەس بەرزبووەتەوە.
ژمارەی قوربانییەکان لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە
هەروەها ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی کوژراوان لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، گەیشتووەتە هەزار و 109 کەس و سێ هەزار و 578 بریندار.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە دۆخی مرۆیی غەززەییەکان لە سەرانسەری کەرتەکەدا بەرەو خراپتر بڕوات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا