ترەمپ: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق گۆڕاوە بۆ ئاستی نایاب و پشتیوانی لە عەلی زەیدی دەکەین

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیراتی عێراق، لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیراتی عێراق، لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد؛ هەردوولا لە چوارچێوەی بەستنی هاوبەشییەکی ستراتیجیدا، چەندین پرسی گرنگی پێوەست بە ئابووری، وزە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کۆنترۆڵکردنی چەک و بارودۆخی ناوچەکەیان تاووتوێ کرد.

گۆڕانی پەیوەندییەکان و پشتگیریکردنی عەلی زەیدی

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و پەیوەندییەکانی نێوانیان گۆڕاوە بۆ ئاستێکی نایاب. ترەمپ جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ عەلی زەیدی دەبێت، چونکە پێی وایە ئێستا کەسێکی بەهێز عێراق بەڕێوەدەبات کە لە ماوەیەکی کەمدا کاری گەورەی ئەنجامداوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زەیدی بۆ نانی نیوەڕۆ بانگێشت کردووە.

پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیجی و کەرتی ئابووری

لەلای خۆیەوە، عەلی زەیدی سوپاسی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەی و ڕایگەیاند کە بۆ ڕاگەیاندنی هاوبەشییەکی ستراتیجی هاتووەتە ئەمریکا، چونکە عێراق پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەهێزی ئابووری وەک ئەمریکا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێنە نێو بازاڕی عێراقەوە بۆ کارکردن.

هەماهەنگی لە کەرتی نەوت و داواکاری لە ئۆپێک

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە عێراق بەهۆی نەوتەکەیەوە ئایندەیەکی زۆر باشی دەبێت و پێویستە لە پرسی وزەدا هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن. ترەمپ ئاشکرای کرد کە لەم هەفتەیەدا گرێبەستی گەورە لە پرسی نەوتدا لەگەڵ عێراق واژۆ دەکەن. هاوڕاش بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە عێراق پشکێکی شایستەی لە ڕێکخراوی ئۆپێکدا هەبێت.

چارەنووسی سوپای ئەمریکا و جەنگی دژی داعش

ترەمپ لەبارەی مانەوەی هێزەکانیان ڕایگەیاند کە ئەوان پێویستیان بەوە نییە سوپاکەیان لە عێراقدا بمێنێتەوە. عەلی زەیدی جەختی کردەوە کە سوپای عێراق توانای تەواوی هەیە بۆ پاراستنی وڵاتەکە. زەیدی ئاماژەی بەوەش دا کە لە جەنگی دژی داعشدا ئەمریکا و عێراق هاوکاریی یەکترییان کردووە، جەنگێک کە زیانی 400 ملیار دۆلاری لە ئابووریی عێراق داوە.

کۆنترۆڵکردنی چەک و داهاتووی گرووپە چەکدارەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە نابێت هیچ کەس و هێزێک لە دەرەوەی دەوڵەتدا چەکی هەبێت و لە دوای 30ی ئەیلوولەوە عێراق پێویستی بە هیچ گرووپێکی چەکدار نابێت. سەرۆکی ئەمریکاش پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ زەیدی دووپاتکردەوە لە پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و کوشتنی قاسم سلێمانی

سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر ململانێ هەرێمییەکان و ڕایگەیاند کە ئێران سەرئێشەی زۆری بۆ عێراق دروستکردبوو، بەڵام جارێکی دیکە ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە خۆی قاسم سلێمانیی کوشتووە کە لە پێشتردا ناوچەکەی بەڕێوەدەبرد.

یەکسانی لە ناوخۆی وڵات و پێگەی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ناوخۆی وڵات کردەوە و ڕایگەیاند کە جیاوازی لەنێوان بەشەکانی عێراقدا ناکات. زەیدی دووپاتی کردەوە کە کوردستان بەشێکخی گرنگی عێراقە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارێزگای بەسرەدا نییە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا