کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس
ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی قەتەر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە رفێندراوەکانی لای حەماس و بەپێچەوانەوە کراوە، لە سەرانسەری جیهان پێشوازیی لێکرا و بەهەنگاوێکی "گرنگ" بۆ هێوربوونەوەی شەڕەکە دانرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێک بۆ ماوەی چوار رۆژ رێککەوتن، بەگوێرەی ناوەڕۆکەکەی، حەماس 50 بارمتە ئازاد دەکات کە لە کەرتی غەززەن، لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانیی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمەش یەکەم هەنگاوە بەرەو ئارامبوونەوە لەو شەڕەدا کە مانگ و نیوێکە بەردەوامە.
رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی قەتەرە کە پەیوەندییەکی وەک دەگوترێت "باش"ی لەگەڵ هەردوو بزووتنەوەی حەماس و ئەمریکا هەیە و لە چەند هەفتەی رابردوودا سەرکردایەتیی دانوستانەکانی کردووە.
ئەم ئاگربەستە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان:
بنیامین نەتەنیاهو: "بڕیارێکی دروستە"
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە حکومەتەکەی راگەیاندووە، قبووڵکردنی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراوون، "بڕیارێکی قورسە، بەڵام لەهەمانکاتدا بڕیارێکی دروستە".
بزووتنەوەی حەماس: مەرجەکانی رێککەوتنەکە بەگوێرەی دیدگای بەرخۆدان داڕێژراوە.
حەماس لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد "مەرجەکانی ئەم رێککەوتنە بەگوێرەی دیدگای بەرخۆدان داڕێژراوون، کە ئامانجیان خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەهێزکردنی خۆڕاگرییە لەبەرامبەر دەستدرێژییەکاندا".
دەسەڵاتی فەڵەستینی: داوای کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکەین
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای دەسەڵاتی نیشتمانیی فەڵەستین، رۆژی چوارشەممە دەسەڵاتی فەڵەستینی پێشوازیی لە "رێککەوتنی ئاگربەستی مرۆیی" کرد و جارێکی دیکە داوای "وەستاندنی تەواوەتیی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەڵەستین و هاتنەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی" کرد.
دەوحە: هیوادارین ئەم ئاگربەستە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە و بەردەوامبێت
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەو هەوڵانەی قاهیرە و واشنتنی بەرز نرخاند بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیری، هاوکات محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەسەر پلاتفۆرمی “ئێكس” گوتی: "هیوادارین ئەم ئاگربەستە ببێتەهۆی رێککەوتنێکی هەمەلایەنە کە ماشێنی جەنگ و خوێنڕشتن بوەستێنێت".
میسر: بەردەوامیی هەوڵەکان "بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی"
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر پێشوازیی لەو رێککەوتنە کرد.
لە راگەیەندراویكدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری میسرەوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە "خۆشحاڵیی خۆم بۆ سەرکەوتنی ئەم نێوەندگیرییە دەردەبڕم".
واشنتن: بایدن "بەتەواوی رازیم" بەو رێککەوتنە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند "بەتەواوی رازیم" لە گەیشتن بەرێککەوتنی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
لە راگەیەندراوێكدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە "بەتەواوی رازیم کە هەندێک لەو کەسە ئازایانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ خێزانەکانیان کاتێک ئەم رێککەوتنە بە تەواوی جێبەجێدەکرێت".
لەندەن: ئاگربەست "هەنگاوێکی جەوهەرییە" بۆ بارمتەکان
بەریتانیا پێشوازیی لەڕێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە "هەنگاوێکی جەوهەری" بۆ بارمتەکان و هاوکات "بە چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی" زانی.
دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی جەوهەرییە و چارەسەری قەیرانی مرۆییە لە غەززە".
رۆما: "ئەمە ئاسوودەیییەکی گەورەی پێبەخشین"
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە، پرۆسەکەی بە "ئاسودەییەکی گەورە" ناوبردووە.
ماکرۆن: "بەبێ وەستان بەردەوامین لە کارکردن"
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، بێوچان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان.
بەرلین: "پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەین"
ئەڵمانیا پێشوازی لەم رێککەوتنە کرد و بە "پێشکەوتنێک کە دەبێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە گرنگەکان بە دانیشتووانی غەززە" ناوی برد.
پەکین: هیوایەک بۆ کەمکردنەوەی بەردەوامیی جەنگ"
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی کاتیی ئاگربەستدەکەین کە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێی گەیشتوونەتە ئەنجام و هیوادارین یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی بارگرانیی قەیرانی مرۆیی و هۆکارێک بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
مۆسکۆ: "یەكەم هەواڵی خۆش لە غەززەوە"
کرێملین پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و بە "یەکەم هەواڵی خۆش لە غەززەوە دوای ماوەیەکی زۆر" وەسفیکرد.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند "رووسیا و زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای ئاگربەستێکی مرۆیییان دەکرد، بەگوێرەی ئەوەی چارەسەرێکی پێویستن" بۆ ململانێکان.
مەدرید بانگەواز بۆ "ئازادکردنی هەموو بارمتەکان" دەکات.
مەدرید پێشوازیی لەرێککەوتنەکە کرد و داوای ئازادکردنی "هەموو بارمتەکان"ی کرد و هیوای خۆی بۆ "پاراستنی دانیشتووانی سڤیلی فەڵەستین" دەربڕی.
تۆکیۆ: "هەنگاوێکی گرنگ"
هیرۆکازو ماتسونۆ، گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ژاپۆن "پێشوازی لە ئاگربەست دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و باشترکردنی دۆخی مرۆیی، ستایشی ئەو هەوڵانەی وڵاتانی پەیوەندیداریشدەکات".
یۆنان: "بانگەوازێک بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بەبێ بەربەست"
جۆرجۆس یراپێتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان پێشوازی لە "رێککەوتنەکە" کرد و رایگەیاند، ئێستا پێویستە "دڵنیا بین لەرۆیشتنی دەستبەجێ، بێبەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان و دابینکردنی چاودێریی پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی".
22/11/2023