ئەمڕۆ بەشێوەیەکى فەرمى ناوى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى گۆڕدرا
ئەمڕۆ بە بەشدارى بەرپرسانى باڵاى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەکى فەرمى ناوى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى دەگۆڕدرێت بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى جەلال تاڵەبانى.
بەشێکی زۆری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەبن
ڕێوڕەسمى گۆڕینى ناوەکە لەلایەن دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕێکخراوە و بەشێکى زۆرى بەرپرسانى باڵای هەرێمى کوردستان و عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدارن.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدار دەبێت
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتنمانیى کوردستان و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى باڵاى حکومى و حیزبى هەرێمى کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدارن، هەروەها، سەرۆککۆمارى عێراق و بەشێکى زۆر لە وەزیرەکانى عێراق بەشدارى لە ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن.
وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران
هاوکات، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، لەسەر داواکاری بەرێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی سلێمانی، ڕەزامەندى سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بە گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
وردەکاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی
بڕیاری گۆڕینی ناوەکە لە 19ـی ئازاری 2026ـەوە دراوە و تێیدا ناوی نوێ لە سەرجەم نووسراوە فەرمییەکان، نەخشە، گەشتە ئاسمانییەکان و بەڵگەنامە پەسەندکراوە پەیوەندیدارەکاندا جێگیر کراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو نوێکارییە فەرمییانەدایە لە کەرتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقدا پەسەند کراون، کە هەموارکردنی کۆد، نیشانە و زانیارییە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە فڕۆکەخانەکە دەگرێتەوە.
پێشتریش، محەممەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق و وەزیرى گواستنەوەى کابینەکەى، ڕەزامەندییان لەسەر گۆڕینى ناوى فڕۆکەخانەکە دابوو.
دوای چوار ساڵ لە هەوڵی بەردەوام
محەممەد سابیر، سەرۆکى دامەزراوەى سەرۆک جەلال تاڵەبانى، رایگەیاند"، دوای زیاتر لە چوار ساڵ هەوڵەكانمان بە ئامانج گەیشت و سەرۆك مام جەلالیش وەک سەرۆكی وڵاتانی دیكە شایستەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک رێز لە خەبات و تێكۆشانی بگیرێت، ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش بەناویەوە خزمەتێكی بچووكە بە مێژووی سەرۆک مام جەلال".
مێژووی دانانی بەردی بناغەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی 29 ی تشرینى دووەمى ساڵی 2003 بەردی بناغەی دانرا و رووبەرەكەی 13.5 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە رۆژی 20ی تەمموزى 2005، لەڕێوڕەسمێكدا لە لایەن جەلال تاڵەبانى، سەرۆککۆماری ئەو کاتى عێراق كرایەوە، دواتریش لە رۆژی 2ى تشرینى دووەمى 2005 ناسنامهی نێودهوڵهتی پێدراو لهئێستاشدا لهژێر ئیدارهی دهسهڵاتی فڕۆكهوانی عێراقیدایه، فڕۆكهخانهكهش به سهرجهم سیستم و پلانی فڕۆكهخانه نێودهوڵهتیيهكان كاردهكات كه له چهندین بهش پێكهاتووه.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، کە ئێستا ناوەکەى گۆڕدراوە بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى جەلال تاڵەبانى، دەکەوێتە ناوچەى بەکرەجۆ بە دووری 15 کیلۆمەتر لەناوەندى شاری سلێمانی، فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2003 بەردی بناغەی بۆ دانرا و لە ساڵی 2005 بەتەواوی چووە خزمەتەوە.
یەکەم گەشتى فڕۆکەخانەکەش، لە 20ـى تەمووزى 2005، ئەنجامدرا و یەکەم کەسیش کە توانى بە پاسپۆرتى عێراقى، لە فڕۆکەخانەکەوە گەشت بکات بۆ دەرەوەى هەرێمى کوردستان، هاونیشتمانییەکى دانیشتووى شارى سلێمانى بوو بە ناوى دڵشاد محەممەد ساڵح لە دایکبووى ساڵى 1957ى سلێمانى.
55 خولەک پێش ئێستا