خالد شوانى و باڵیۆزى ئوردن ئاڵوگۆڕى سزادراوانی ئوردن و عێراقیان تاوتوێکرد

دانیار فاروق 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و ماهر سالم تەراونە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق
کۆبوونەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و ماهر سالم تەراونە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق

خالد شوانى، وەزیرى دادى عێراق، ڕایگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزى ئوردن لە عێراق، تاوتوێى ڕێکارەکانى ئاڵوگۆڕکردنى بەشێک لەو سزادراوانەى ئێستا لە گرتووخانەکانى عێراق و ئوردن دەستبەسەرن و دۆزینەوەى ڕێکارەکان بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنیان بەگوێرەى بڕیارى دادگا کراوە.

تاوتوێکردنی هاریکاری لە بواری دادوەریی و ئاڵوگۆڕی زیندانیان

وەزارەتى دادى عێراق ڕایگەیاند، خالد شوانى، وەزیرى داد، لەگەڵ ماهر سالم تەراونە، باڵیۆزى ئوردن لە عێراق کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، هاریکاری لەگەڵ ئوردن لە زۆربەى بوارەکاندا بەتایبەتى بوارى دادوەرى و یاسایی تاوتوێکراوە.

فراوانکردنى هاریکارییەکان لەنێوان بەغداد و عەممان

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێگەکانى چۆنێتى هەموارکردنەوەى یاداشتى لێکتێگەیشتنى نێوان عێراق و ئوردن تاوتوێکراوە، لەگەڵ فراوانکردنى هاریکارییەکان لەنێوان بەغداد و عەممان، بە ڕەچاوکردنى بڕیارەکانى ڕێککەوتنى ڕیاز، کە لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکانى هەردو وڵات یەکبگرنەوە.

دەربڕینی هەموو ئامادەییەک بۆ هاریکاریی لە لایەن ئوردنەوە

هاوکات ماهر سالم تەراونە، باڵیۆزى ئوردن لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەى بۆ هاوکاریی لەگەڵ وەزارەتى دادى عێراق، پیشاندا، بەمەبەستى پەرەپێدانى هاوبەشیى نێوانیان، کە خزمەت بە بەرژەوەندى گەلانى هەردوو وڵات بگەیێنێت.

هەروەها جەختی لە ڕژدبوونى شانشینى وڵاتەکەى لە فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەزۆربەى بوارەکان بەتایبەت بوارى دادوەرى لەگەڵ عێراق، کردووەتەوە.

دانیار فاروق

4 کاتژمێر پێش ئێستا