نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماری کوژرانی هاوڵاتییانی سڤیل لە ئۆکرانیا بڵاودەکاتەوە

یەسنا ئومێد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک هاوڵاتی ئۆکرانی بە دیاری گۆڕی ئازیزانیانەوە، کە بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە کوژراون. فۆتۆ: AFP
ژمارەیەک هاوڵاتی ئۆکرانی بە دیاری گۆڕی ئازیزانیانەوە، کە بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە کوژراون. فۆتۆ: AFP

بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای هێرشەکانی ڕووسیاوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 17 هەزار هاوڵاتیی سڤیل لە ئۆکرانیا کوژراون، دەشڵێت، لە مانگی حوزەیراندا زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدانی سڤیل لەو وڵاتە تۆمارکراوە.

 لە مانگی ئایار بەرزترین ڕێژەی کوژرانی سڤیل لە ئۆکرانیا تۆمارکرا

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە دۆخی ئۆکرانیا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەو کاتەوەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە نیسانی 2022 دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا، لە مانگی ئایار بەرزترین ڕێژەی کوژرانی سڤیل لە ئۆکرانیا تۆمارکرا، بەڵام ڕێژەکە لە حوزەیراندا زیاتر بووە، بە جۆرێک 293 هاوڵاتیی سڤیل بە تەنیا لەو مانگە کوژراون.

مانگ لە دوای مانگ ڕێژەی کوژران لە ئۆکرانیا بەرەو زیاد بوون دەڕوات

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مانگ لە دوای مانگ ڕێژەی کوژران لە ئۆکرانیا بەرەو زیاد بوون دەڕوات، هۆکارەکەشی هەڵکشانی گرژییەکان و بەکارهێنانی چەکی قورسە لەلایەن ڕووسیاوە.

ڕووسیا ناوچە سڤیل نشینەکان دەکاتە ئامانج

ڕێکخراوەکە دەڵێت، داتای نوێ دۆخێکی مەترسیدار لە کوژرانی هاوڵاتییانی سڤیل نیشاندەدات، لە هێرشەکانی ڕووسیاش ناوچە سڤیل نشینەکان بەشێوەیەکی چڕ دەکرێنە ئامانج.

ئاماری قوربانیانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، هەزار و 396 کەس لە ئۆکرانیا کوژراون، حەوت هەزار و 978 کەس برینداربوون، ئەم ڕێژەیەش 37٪ بەرزترە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2025.

لە ساڵی 2022 تاوەکو ئێستا لانیکەم 16 هەزار و 431 کەس کوژراون، 803 یان منداڵ بوون، 48 هەزار و 613 کەسیش برینداربوون، کە دوو هەزار و 960 منداڵی تێدابووە.

ڕاپۆرتەکە باس لە کوژرانی هاوڵاتییانی سڤیلی ڕووسیاش دەکات و نووسیوێتی، بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 250 هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و هەزار و 596 کەسیش برینداربوون، ئەم ژمارەیە 121٪ بەرزترە بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2025.

یەسنا ئومێد

3 کاتژمێر پێش ئێستا