دەستەى دەستپاکى: ژمارەیەک ئەفسەرى وەزارەتى بەرگریى عێراق دەستگیرکران

دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی

دەستەى دەستپاکیى عێراق ڕایگەیاند، بەهۆى گەندەڵى و بەهەدەردانى پارەى گشتی، ژمارەیەک گەورە ئەفسەرى وەزارەتى بەرگریى عێراقیان دەستگیر کردووە و ڕووبەڕووى یاسا کراونەتەوە.

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سەربازیی 92 ملیار دیناری بە هەدەر داوە

دەستەى دەستپاکیى عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەڕێوەبەرى ئاوەدانکردنەوەى سەربازیی، بەهۆى بەهەدەردانى 92 ملیار دینارى بودجەى دروستکردنى نەخۆشخانەى قوە جەوییە لە ناوچەی رۆستەمییە دەستگیرکراوە،  لە ئۆپراسیۆنێکى دیکەدا، دوو ئەفسەری دیکە بە پلەکانى عەقید و عەمید و پێنج فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتیى ئاوەدانکردنەوەى سەربازیی لە وەزارەتى بەرگریى عێراق دەستگیرکراون.

لە ئۆپراسیۆنێکى دیکەى دەستەکەدا، سەرپێچى و یاریکردن بە نرخ لە گرێبەستى بوژانەوە و پەرەپێدانى نەخۆشخانەى قوە جەوییە لە ڕۆستەمییە، ئاشکرابووە.

بە دواچوون و وردبینیکردن لە گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگری

دەستەی دەستپاکی ڕوونیشیکردووەتەوە، تیمە مەیدانییەکانیان کە ڕاسپێردرابوون بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و وردبینیکردن لەو گرێبەستانەى وەزارەتى بەرگریی عێراقدا، کارەکانیان بە هاوکارى هێزەکانى وەڵامدانەوەى خێرا، بەگوێرەى بڕیارى ژمارە (318) لە یاسای سزاکان، ئەنجامداوە و توانیویانە فەرمانى گرتن لە دادوەرى دادگاى لێکۆڵینەوەى تاوانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى لە بەغداد وەربگرن و ئەو ئەفسەر و فەرمانبەرانە دەستگیربکەن.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرپێچیکاران کراوەتەوە

دەستەى دەستپاکیى عێراق، ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئێستا لەلایەن دادگاى فیدڕاڵییەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە و ئامادەکراوە، لە ئاییندەیەکى نزیکدا دادگاییدەکرێن.

دانیار فاروق

2 کاتژمێر پێش ئێستا