عێراق لە ناو جەرگەی ئاگرەکەدا؛ چۆن ململانێی ئەمریکا و ئێران هەڕەشە لە بوونی عێراق دەکەن؟
فراوانبوونی ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران، حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی سێ ئاڵنگاریی ستراتیژی دەکاتەوە کە مەترسی لەسەر ئاسایش و دابینکردنی بودجەی وڵاتەکە دروست دەکەن.
ئاڵنگاریی ئەمنی و نەبوونی بەرگریی ئاسمانی
لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگدا، عێراق ڕووبەڕووی مەترسیی ئەمنی و سەربازیی گەورە دەبێتەوە. لە جەنگی 40 ڕۆژەی ڕابردوودا، عێراق تاکە وڵات بووە کە لە یەک کاتدا لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و وڵاتانی کەنداوەوە هێرشی کراوەتە سەر. نەبوونی سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی، گەورەترین کێشەی وڵاتەکەیە و وای کردووە کایەی ئاسمانیی عێراق بە ئاسانی بۆ هێرشە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنرێت.
ململانێی ناوخۆیی و فشاری گرووپە چەکدارەکان
ئاڵنگارییەکی دیکەی سەخت، ململانێی ناوخۆیی و چالاکییەکانی گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامییە. ئەم گرووپانە لە کاتی جەنگدا هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وڵاتانی کەنداو و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چڕ دەکەنەوە. ئێستا حکومەتی نوێی عێراق هەوڵەکانی بۆ چەککردنی ئەو گرووپانە دەستپێکردووە، بەڵام هەڵوێستی پێچەوانەی هەندێک لە میلیشیاکان کارەکەی حکومەتی قورس کردووە.
مەترسییە ئابوورییەکان و داخستنی گەرووی هوورمز
ئاڵنگارییە ئابووری و داراییەکان بە سەختترین مەترسیی سەر عێراق دادەنرێن. بەو پێیەی گەرووی هوورمز سەرچاوەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراقە، هەر داخستنێکی درێژخایەنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە دەبێتە شۆکێکی گەورە بۆ داهات. درێژبوونەوەی جەنگ ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پەککەوتنی ئابووری و دروستبوونی کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەی گشتیی وڵاتدا.
هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی هاوسەنگی
حکومەتی نوێ هەوڵدەدات خۆی لە جەنگ بەدوور بگرێت و هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن بپارێزێت. هەرچەندە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان چڕکراونەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا حکومەت دەتوانێت لەم ئامانجەدا سەرکەوتوو بێت یان ململانێ هەرێمایەتییەکان جارێکی دیکە عێراق دەکەنەوە بە مەیدانی جەنگ.
3 کاتژمێر پێش ئێستا