"لیستە قورسەکەی واشنتن"؛ وردەکاریی مەرجە نهێنییەکانی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عەلی زەیدی

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی لە واشنتن. فۆتۆ: AFP
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی لە واشنتن. فۆتۆ: AFP

ئیدارەی ئەمریکا لیستێکی درێژ لە داواکاری و مەرجەکانی لە بوارە جیاوازەکاندا ڕادەستی عەلی زەیدی کردووە، کە جێبەجێکردنیان وەک کلیلی کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان و پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ بەغداد سەیر دەکرێت.

هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و بنبڕکردنی سەرچاوە داراییەکان

لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە، ئەمریکا مەرجی توندی داناوە کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و دەستگرتن بەسەر چەکە قورس و مامناوەندەکانیاندایە. واشنتن داوای بنبڕکردنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپەکانی مقاوەمە و حزبوڵای لوبنان دەکات، هاوکات جەخت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕادەستکردنی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە داواکراون.

مەرجەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و دوورکەوتنەوە لە چین

بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەی عێراقدا کار بکەن، ئەمریکا داوای سنووردارکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان دەکات و دەبێت هەر گرێبەستێکی ئەورووپیش بە ڕەزامەندی ئەوان بێت. هەروەها مەرجی دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ گازی ئێران و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ سعودیە و کوەیت دانراوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تاران کەم بکرێتەوە.

چاکسازیی دارایی و گەیاندنی ئینتەرنێتی ستارلینک

لە کەرتی ئابووری و تەکنەلۆجیادا، واشنتن جەخت لە پابەندبوونی بانکی ناوەندی بە ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانی حەواڵە و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دراو دەکات. یەکێکی دیکە لە مەرجە سەرنجڕاکێشەکان، گرێدانی عێراقە بە تۆڕی ئینتەرنێتی ستارلینک و دووبارە پارەدارکردنەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا.

چالاککردنەوەی دیپلۆماسیی کەنداو

لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، ئەمریکا داوا لە عەلی زەیدی دەکات پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات، بە شێوەیەکی کارا پەرەپێبدات. هەروەها جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ وڵاتی کوەیت کراوەتەوە وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی سیاسیی عێراق لە ناوچەکەدا.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا