مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەلیکترۆنی
دوای ئەوەی بەغداد پلاتفۆڕمی "عەقاری" بۆ کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە ڕاگەیاند، وەزارەتی دادی هەرێمیش هەنگاوی هاوشێوە دەنێت و ژوورە بازرگانییەکان ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆسەکەیان پێسپێردراوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە مامەڵەی کاغەز بێنن.
لاساییکردنەوەی ئەزموونی بەغداد
پاش ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە سەرەتای ئەم مانگەوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو، زەوی و شووقەی لە بەغداد کرد بە ئەلیکترۆنی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ڕوونکردنەوەی لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کردووە لەبارەی ئاسایشی زانیارییەکان و بنەمای یاسایی پلاتفۆڕمەکە. ئەم پڕۆسەیە لە بەغداد بەپێی یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی ژمارە 78ـی ساڵی 2012 جێبەجێ دەکرێت و لایەنە ئەمنییەکان و بانکی ناوەندیش چاودێری دەکەن.
هەنگاوی وەزارەتی داد بۆ هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوێکی فەرمی داوای لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان کردووە کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی موڵک بکرێتە ئەلیکترۆنی. گەیلان حاجى سەعید، سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەولێر پشتڕاستی کردەوە کە نوسراوەکەیان بەدەست گەیشتووە و تایبەتە بە هەموو جۆرە یەکەیەکی نیشتەجێبوون و زەوی، کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەرتی خانووبەرەیە بۆ ناو سیستمی دیجیتاڵی.
ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و ڕێکخستنەوەی نوسینگەکان
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەکۆ ئەلیکترۆنییە، ڕێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە لە کەرتی خانووبەرەدا. بەو پێیەی سەرجەم نوسینگەکانی خانووبەرە مۆڵەت لە ژوورە بازرگانییەکان وەردەگرن، ژوورەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە چاودێری و وردبینییەکی ورد بۆ هەموو مامەڵەکان بکەن. هاوکات ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی نوسینگەکان و جیاکردنەوەی ئەو شوێنانەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی کار دەکەن یان پابەندی ڕێکارە کارگێڕییەکان نین.
دامەزراندنی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی نوێ
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دروست دەکرێت کە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی کڕین و فرۆشتنی تێدا تۆمار دەکرێت و پاشان لە ڕێگەی ژوورە بازرگانییەکانەوە دەگاتەوە بە وەزارەتی داد. ئەم کارە پێویستی بە هەماهەنگییەکی چڕ هەیە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی تاپۆ، زەریبە، ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان. سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەکە کاتی دەوێت و پێویستە خول و ڕاهێنانی تایبەت بۆ خاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە بکرێتەوە پێش ئەوەی سیستمەکە بە فەرمی دەستبەکار بێت.
هەڵەبجە؛ ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنەوەی نوسینگەکان
لە پارێزگای هەڵەبجەش پەیامی بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەکان گەیشتووە. تاهیر شێخ عیززەدین، سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکەیان 17 بۆ 18 نوسینگەی چالاکی خانووبەرە هەن و ژمارەیەک نوسینگەی دیکەش مۆڵەتەکانیان نوێ نەکردووەتەوە. بڕیارە پاش گەیشتنی ڕێنماییە فەرمییەکان، لەگەڵ ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی نوسینگەکانی ئەو پارێزگایەش بخرێنە ناو سیستمی نوێی ئەلیکترۆنییەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا