تۆم باراک: کۆبوونەوەى ترەمپ و زەیدى خاڵى وەرچەرخانە لە داهاتووى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات

دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئاشکرای دەکات، چیتر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغداد تەنیا لە چوارچێوەی ئاسایشدا نامێننەوە و دەچنە قۆناغێکی نوێی ئابووری و وەبەرهێنان.

خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکان

تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن ئەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتووی ئەم پەیوەندییانە جگە لە بواری ئاسایش، بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی لە وەبەرهێنان، بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی ئابووریی نوێدا دەبینێتەوە.

پێگەی ستراتیجیی عێراق لە ناوچەکەدا

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر پێگە گرنگەکەی عێراق لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. باراک پێیوایە عێراق توانایەکی بێهاوتای هەیە وەک خاڵی بەستنەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، تورکیا، سووریا، ئوردن، ئاسیای ناوەڕاست، بەڵکان و ناوچەی قەوقاز، ئەمەش وڵاتەکە دەکاتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و سیاسی لە جیهاندا.

هێڵی نوێی وزە و دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان

تۆم باراک ئاشکرای کرد، نەخشەی نوێ بۆ هێڵەکانی بۆریی نەوت و وزە لە ئارادایە کە ڕێگەی تازە بۆ پێشکەوتنی عێراق دەکەنەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە بووژانەوەی عێراق واتا سەقامگیریی زیاتری تەواوی ناوچەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلێکی گەورە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو وەبەرهێنانەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا فراوان بکەن.

دانیار فاروق

2 کاتژمێر پێش ئێستا