لە تانکەوە بۆ کۆمپانیا؛ عێراق و ئەمریکا قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانیان ڕاگەیاند

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

عەلی زەیدی لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و تێیدا دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چارەنووسی گرووپە چەکدارەکانیان یەکلا کردەوە.

کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی و هاتنی کۆمپانیاکان

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ تاوتوێ کرد. زەیدی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی سەربازییەوە دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندی ئابووری و لە دوای ئەو وادەیە کۆمپانیا ئەمریکییەکان جێگەی هێزە سەربازییەکان دەگرنەوە.

زەیدی: بڕیاری کۆکردنەوەی چەک یەکلاکەرەوەیە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە زمانێکی تووند هۆشداری دایە گرووپە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت خاڵی سەرەکیی کارنامەی حکومەتەکەیەتی و ئەم بڕیارە ناگۆڕدرێت. زەیدی ئاشکرای کرد کە بەشێک لە گرووپەکان چەکە قورسەکانیان ڕادەست کردووە و دەیانەوێت وەک لایەنی سیاسی کار بکەن، جەختیشی کردەوە کە لە دوای 30ـی ئەیلوول هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی هیچ گرووپێکی چەکدار نامێنێت.

ترەمپ: ئێران چیدی نابێتە بار بەسەر عێراقەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی زەیدی دەربڕی و ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنێکی گەورە بۆ گۆڕینی هاوبەشییەکان لە سەربازییەوە بۆ ئابووری ئەنجام دەدەن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە ناوچەکەدا لاواز کراوە و چیتر ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا هەبێت، بۆیە عێراق پێویستی بە مانەوەی سوپای ئەمریکا نابێت و کۆمپانیاکانیان دەبنە هاوبەشی ڕاستەقینەی بەغداد.

کۆتاییهاتنی 23 ساڵ لە بوونی هێزی بیانی

دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق (لە ساڵی 2003 بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس و 2014 بۆ شەڕی داعش)، حکومەتی ئێستا ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی 2026ـی وەک وادەی کۆتایی دیاری کردووە. عێراق جەخت دەکاتەوە کە لەو بەروارە بەدواوە دەتوانێت سەروەریی خاک و ئاسمانی خۆی بپارێزێت و پێویستی بە مانەوەی هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکەکەی نابێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا