تریلیۆنێک دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە؛ وردەکاریی هاوبەشییە ستراتیژییەکەی عێراق و ئەمریکا
عێراق و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی 18 ڕێککەوتنی ستراتیژی دەکەن کە تەواوی کایەکان دەگرێتەوە و لە ڕێگەی سندووقێکی تریلیۆن دۆلارییەوە ژێرخانی وڵات بونیاد دەنرێتەوە.
سەردانێکی حەوت ڕۆژە بۆ واشنتن
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی 13-07-2026 بە بانگهێشتێکی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ گەیشتە واشنتن. شاندێکی باڵا کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکان یاوەری دەکەن. بڕیارە ئەم سەردانە فەرمییە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا نەخشەی نوێی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دابڕێژرێتەوە.
واژۆکردنی 18 ڕێککەوتنی ستراتیژی
ماڵپەڕی شەفەق نیوزی ڕایگەیاند، ئەم سەردانە واژۆکردنی 18 ڕێککەوتنی جیاواز لە بوارەکانی سیاسەت، پیشەسازی، وزە، نەوت، پەروەردە، تەندروستی و پڕچەککردن لەخۆ دەگرێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان بەغداد و واشنتن و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی باڵاتری گەشەپێدان.
سندووقی گەشەپێدان و داهاتی نەوت
عێراق پلانێکی بۆ دامەزراندنی سندووقێکی گەشەپێدان لە یەکێک لە بانکە ئەمریکییەکان (جیا لە بانکی فیدراڵی) ئامادە کردووە. داهاتی فرۆشتنی 500,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ ئەمریکا دەخرێتە ناو ئەم سندووقەوە تاوەکو سەرمایەکەی دەگاتە 1 تریلیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارە زەبەلاحە بۆ تێچووی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بونیادنانەوەی ژێرخان، بەتایبەت پڕۆژەکانی کارەبا و پڕۆژە ستراتیژییەکانی دیکە خەرج دەکرێت.
هاوبەشیی گەورە لە کەرتی نەوتدا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارەکانیدا ڕایگەیاندووە کە هەفتەی داهاتوو هاوبەشییەکی گەورە لە کەرتی نەوت و چەندین گرێبەستی بازرگانیی گرنگ لەگەڵ عێراق ڕادەگەیەنرێت. زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنەکان کۆتاییان هاتووە و بڕیارە لەلایەن ئەو وەزیر و بەرپرسانەی یاوەری زەیدین لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان واژۆ بکرێن، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ئابووریی عێراقدا دەبینرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا