دۆناڵد ترەمپ: هەفتەی داهاتوو هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران خاپوور دەکەین

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

سەرۆکی ئەمریکا تووندترین هۆشداری دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتن واژۆ نەکات، مەودای هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن و ژێرخانی ئەو وڵاتە وێران دەکەن.

هەڕەشە لە ژێرخانی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News) ڕایگەیاند، ئەگەر تاران ڕێککەوتن واژۆ نەکات، لە هەفتەی داهاتووەوە هێرشەکان وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیش دەگرێتەوە. ترەمپ گوتی: "هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت؛ هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەدەین مەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانووستان."

دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی هەمەلایەنە

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، سوپای ئەمریکا دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی هەمەلایەنەی بۆ سەر هەموو ئەو کەشتیانە ڕاگەیاند کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن. سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، لە کاتژمێر 04:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەمارۆکە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی و سەدان فڕۆکەی سەربازی لە ناوچەکەدا لە ئەرکدان.

بۆردومانکردنی دوورگەی قیشم لە گەرووی هورمز

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان بۆردومانی چەندین پێگەی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران کردووە بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی دروست بوون. میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە کە چەندین مووشەکی ئەمریکی بەر ئامانجێک لە دوورگەی (قیشم) لە گەرووی هورمز کەوتوون، بەڵام تاران وردەکاری زیانی هێرشەکەی بڵاونەکردووەتەوە.

هەوڵە سەرنەگرتووەکانی ڕێککەوتن

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەگەڵ ئێران هەبووە و داوای لێکردوون ڕێککەوتن بکەن، بەڵام وەک ئاماژەی پێدا تاران ئامادەیی نیشان نەداوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە: "ئێران هێشتا هەندێک توانای شەڕکردنی ماوە بەڵام زۆر نییە، هێرشەکانیش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبن کە من بڕیار دەدەم بەسە."

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا