دوو ژن 3 ملیۆن دۆلاری هاونیشتمانیانیان لە دەربەندیخان و بەردەڕەش برد

جەبار حسین 4 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕێک لە دراوی دۆلار و دینار لە بازاری دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
بڕێک لە دراوی دۆلار و دینار لە بازاری دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە شارۆچکەکانی دەربەندیخان و بەردەڕەش، دوو ژن بە فێڵی بازرگانیی ئۆنلاین و دوو هێندەکردنی پارە، بڕی 3 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری هاونیشتمانیانیان بردووە.

فێڵێکی 1.7 ملیۆن دۆلاری لە دەربەندیخان

لە شارۆچکەی دەربەندیخان، ژنێک بە بیانووی بازرگانیی ئۆنلاین و هاوردەکردنی ئامێری لەیزەر، بڕی 1,700,000 دۆلاری لە هاونیشتمانیان وەرگرتووە و دواتر پێی ڕاگەیاندوون کە پارەکان فەوتاون. ئامانج محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاند، لەسەر ئەم کەیسە تاوەکو ئێستا 7 بۆ 8 کەس دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر بەردەوامن.

وەبەرهێنانی وەهمی لە بەردەڕەش

لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش و لە گوندی بەنێنان، ژنێک بۆ ماوەی یەک ساڵ پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بەو بەڵێنەی کە لە ماوەی ساڵێکدا بڕی پارەکانیان بۆ بکاتە دوو هێندە. یەکێک لە قوربانییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ژنە بەناوی بازرگانییەوە پارەی لێ وەرگرتووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە پڕۆسەکە تەنیا فێڵ بووە بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەی خەڵک.

بردنی 1.5 ملیۆن دۆلار و هەڵاتنی تۆمەتبار

بەگوێرەی زانیارییەکان، ژنەکەی بەردەڕەش توانیویەتی پارەی زیاتر لە 30 کەس ببات کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە 1,500,000 دۆلار. بەدواداچوونەکان نیشانی دەدەن کە تۆمەتبارەکە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی جێهێشتووە و هەڵاتووە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی فەرمی تۆمار نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەمڕۆوە ژمارەی قوربانییەکان و تۆمارکردنی سکاڵا یاساییەکان زیاد بکات.

ئاماری گشتیی پارە براوەکان

کۆی گشتی ئەو پارەیەی لەم دوو کەیسەدا لە هاونیشتمانیان براوە، بڕی 3,200,000 دۆلار تێدەپەڕێنێت. لە کاتێکدا لە دەربەندیخان ڕێکاری یاسایی و دەستگیرکردن دەستیپێکردووە، لە بەردەڕەش هێشتا پڕۆسەکە لە قۆناغی سەرەتایی ئاشکرابوونی فێڵەکەدایە و لایەنە ئەمنییەکان چاوەڕێی سکاڵای هاووڵاتییان دەکەن بۆ دەستپێکردنی گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکەدا.

جەبار حسین

4 کاتژمێر پێش ئێستا