د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی: هەموو مایەسیرییەک پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی نییە!

سەروەر سالار 4 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی کۆمێکی ئاسایی بەراورد بە کۆمێک کە تووشی نەخۆشیی مایەسیری  بووە
وێنەی کۆمێکی ئاسایی بەراورد بە کۆمێک کە تووشی نەخۆشیی مایەسیری بووە

د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە نەخۆشیی مایەسیری بۆ هاونیشتمانییان بڵاو دەکاتەوە.

جیاوازی نێوان مایەسیریی ناوەکی و دەرەکی چییە؟

د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی دەڵێت '' مایەسیری نەخۆشییەکی باوە، بەڵام هەموو مایەسیرییەک پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی نییە!، مایەسیری بریتییە لە هەوکردن، ئاوسان یان فراوانبوونی دەمارەکانی خوێن (خوێنهێنەرەکان) لە کۆتایی و دەوروبەری دەرچەی کۆمدا''، مایەسیری بەپێی شوێنی دروستبوونەکەی دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی:

  1. مایەسیریی ناوەکی :لە ناوەوەی کۆمدا و لە سەروو ئەو هێڵە دەست پێدەکات کە دەماری هەستیاری ئازاری لێ نییە، نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە: بە شێوەیەکی گشتی بێ ئازارە، خوێنبەربوونێکی ڕەنگ سووری گەش، لە کاتی چوونە توالێتدا کە تێکەڵ بە پیساییەکە نابێت
  2. مایەسیریی دەرەکی:  لە ژێر پێستی دەوروبەری دەرچەی کۆمدا دروست دەبێت، واتە لەو شوێنەی کە دەماری هەستیاری زۆری تێدایە، نیشانە باوەکانی بریتین لە: بوونی ئازارێکی زۆر، چارەخوازەکە بەردەوام هەست بە کزانەوە، خوران و نائارامی دەکات (بەتایبەت لە کاتی دانیشتندا). هەروەها وەک گرێیەکی گۆشتی لە دەوروبەری کۆمدا هەستی پێدەکرێت، ئەگەر خوێنی تێدا کڵۆ ببێت، ئازارەکەی زۆر توندتر دەبێت

قۆناغەکانی نەخۆشیی مایەسیری چین؟

قۆناغەکانی نەخۆشیی مایەسیری بریتین لە:

  1. قۆناغی یەکەم: مایەسیرییەکە لە ناوەوەی کۆمدایە و بە هیچ شێوەیەک نایەتە دەرەوە تەنیا نیشانەی لەوانەیە بوونی خوێنبەربوونێکی کەم بێت لە کاتی چوونە توالێتدا
  2. قۆناغی دووەم: لە کاتی فشارکردن لە توالێتدا مایەسیرییەکە دێتە دەرەوەی کۆم، بەڵام خۆبەخۆ دەگەڕێتەوە ناوەوەی کۆم دوای تەواوبوونی چوونە توالێتەکە
  3. قۆناغی سێیەم: لە کاتی چوونە توالێتدا مایەسیرییەکە دێتە دەرەوە، بەڵام خۆی ناگەڕێتەوە دواوە
  4. قۆناغی چوارەم: ئەمە قۆناغی هەرە پێشکەوتووی نەخۆشیی مایەسیرییە، مایەسیرییەکە بە تەواوی لە دەرەوەی کۆم دەمێنێتەوە،  شۆڕ دەبێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە ناوەوە، ئەمەش زۆرجار هۆکارە ئازاری توند

لە چ کاتێکدا پێویست دەکات مایەسیری بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت؟

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت '' قۆناغی یەک و دوو بە گۆڕینی سیستمی خۆراک (خواردنی ڕیشاڵی و سەوزەوات)، خواردنەوەی ئاوی زۆر، فشارنەکردنی زۆر لە کاتی توالێتدا، بەکارهێنانی مەرهەم و دەرمانی گونجاو چارەسەر دەبن، بەڵام کاتێک نەخۆشییەکە دەگاتە قۆناغی سێ و چوار، پێویست دەکات بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری مایەسیرییەکە چارەسەر بکرێت، چونکە لە ئەم دوو قۆناغەدا شانەکانی کۆم بە تەواوی شۆڕ بوونەتەوە و کێشەی بەردەوام بۆ چارەخوازەکە دروست دەکەن (وەک ئازاری زۆر، خوێنبەربوونی درێژخایەن کە دەبێتە هۆی کەمخوێنی، یان هەوکردن)، بۆیە ڕێگاچارەی سەرەکی ڕێگەی نەشتەرگەرییە ''.

سەروەر سالار

4 کاتژمێر پێش ئێستا