ئینگلتەرا و ئەرجەنتین لە جەنگی چارەنووسدا
ئەمشەو هەموو چاوەکان لەسەر شاری ئەتلەنتا دەبن، کاتێک ئینگلتەرا و ئەرجەنتین لە قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، لە یارییەکدا کە تەنیا کێبڕکێی تۆپی پێ نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە مێژوویەکی پڕ لە مشتومڕ و خەونی گەیشتن بە نازناوەکە.
ئەرجەنتین بۆ پاراستنی شکۆ و ئینگلتەرا بۆ گەڕاندنەوەی مێژوو
ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال، دەیەوێت بەردەوامی بە بەرگریکردن لە نازناوەکەی بدات، لە بەرامبەردا، ئینگلتەرا بە سەرپەرشتی توماس توخێل، دەیەوێت بە پشتبەستن بە توانا جەستەیی و هونەرییەکانی جود بێڵینگهام و هاری کەین، بەڵێنی خۆی بۆ بەدەستهێنانی شکۆی جیهانی جێبەجێ بکات.
مێژوویەک پڕ لە ڕووداوی نەمر
ئەم یارییە درێژکراوەی ئەو مێژووە پڕ لە کێبڕکێیەیە کە لە ساڵانی 1966، 1986، 1998 و 2002وە دەستی پێکردووە؛ لە دەستەکەی مارادۆنا و کارتە سوورەکەی بێکهامەوە تاوەکو ئەو ساتە وەرزشییانەی بۆ هەمیشە لە یادەوەریی هاندەراندا ماونەتەوە.
دۆخی ئەمنیی و سیاسی لە دەرەوەی یاریگا
سیاسەت ئەمجارەش سێبەری خۆی بەسەر یاریگەکەدا کێشاوە، لە لایەکەوە، کۆمەڵەی جەنگاوەرە دێرینەکان ئەرجەنتین داوایان لە هاندەران کردووە کە تۆپی پێ تێکەڵی پرسی دوورگەکانی فۆکلاند نەکەن و ڕێگە نەدەن یاریگەکە ببێتە سەکۆیەک بۆ ڕق و کینە.
لە لایەکی دیکەشەوە، پۆلیسی ئەتلەنتا ئامادەکارییە ئەمنییەکانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز کردووەتەوە، یارییەکە لە ڕیزبەندی بەرزترین ئاستی مەترسی دانراوە و تیمێکی ئاسایش چڕ لە دەوروبەری شوێنی مانەوەی هەردوو هەڵبژاردە و ناوچەکانی کۆبوونەوەی هاندەران جێگیر کراون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا