خانەنشینان؛ لەگەڵ مووچەی مانگی شەش دوو بۆ سێ مووچە پێکەوە وەردەگرن

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک هاونیشتمانیی خانەنشین لە سلێمانی
ژمارەیەک هاونیشتمانیی خانەنشین لە سلێمانی

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە پاکتاوکردنی مووچە دواکەوتووەکانی خانەنشینان و لەگەڵ مووچەی مانگی حوزەیران، بەشێکیان بڕی چەند مانگێک مووچە بە یەکەوە وەردەگرن.

پاکتاوکردنی مووچە کەڵەکەبووەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی پاکتاوکردنی ئەو مووچە و شایستە داراییانەی خانەنشینان کە لای حکومەت کەڵەکە ببوو، بەردەوامە. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی 6، زیاتر لە 1,000 خانەنشین لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، دوو بۆ سێ مووچە پێکەوە وەردەگرن تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە.

مافی یاسایی و پارەی بەردەست

بەرپرسێکی خانەنشینان جەخت دەکاتەوە کە گەڕانەوەی ئەم مووچە کەڵەکەبووانە مافێکی یاسایی خانەنشینانە. وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای ئەو پارەیەی لەبەردەستیدایە، هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە پاکتاوکردنی هەموو ئەو مووچە دواکەوتووانەی کە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەدرابوون، بە ئامانجی ئەوەی چیتر خانەنشینان هیچ بڕە پارەیەکیان لای حکومەت نەمێنێت.

کێشەی پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینی

سەبارەت بە پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینی، بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە گەورەترین داواکاریی ئێستای خانەنشینانە. خەرجکردنی ئەم پاداشتە پەیوەستە بە ڕەزامەندی بەغداد و یاسای بودجە، بۆیە پێشبینی دەکرێت خەرجکردنی بکەوێتە ساڵی داهاتوو. تەواوی داتا و زانیارییەکانی تایبەت بەم پاداشتە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە داراییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت.

ئامار و سوودمەندانی پاداشتەکە

ئەم پاداشتە نزیکەی 70,000 خانەنشینی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە لەدایکبووی ساڵانی 1962 تاوەکو 1966ـن و خاوەنی 25 ساڵ خزمەتی وەزیفین. گوژمەی گشتیی ئەم پاداشتە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی نەبوونی تەمویلی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە تاوەکو ئێستا دواکەوتووە و چاوەڕێی ساڵی نوێی دارایی دەکرێت بۆ خەرجکردنی.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا