ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەردانی گەرمیان دەکات و هەزاران پارچە زەوی دابەش دەکات
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا هەزاران فەرمانبەر لە کەلار، کفری و ڕزگاری سوودمەند دەبن.
دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم لە ڕزگاری
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستپێبکات. شارەدێی ڕزگاری وەک یەکەم وێستگە دیاریکراوە، کە تێیدا 2,400 پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە مەرجەکانی وەرگرتنیان تێدایە.
نەخشەی دابەشکردن لە کەلار و کفری
بەپێی زانیارییەکان، لەم قۆناغەدا بە کۆی گشتی 9,400 پارچە زەوی لە سنوورەکە ئامادە کراون. پشکی شێری زەوییەکان بەر قەزای کەلار دەکەوێت کە 5,000 پارچە زەوییە، هەروەها لە قەزای کفری 2,000 پارچە زەوی دابەش دەکرێن. ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدایە کە تەنیا لە کەلار 12,000 فەرمانبەر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا کەمتر لە نیوەیان زەوییان پێدەدرێت.
سیستمی خاڵبەندی و تیروپشک
دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت؛ ئەو فەرمانبەرانەی کە خزمەتیان لە 8 ساڵ زیاترە و خاڵی پێویستیان هەیە، لە پێشینەی وەرگرتن دەبن. دیاریکردنی شوێنی زەوییەکانیش بە شێوەی تیروپشک ئەنجام دەدرێت تاوەکو دادپەروەری بپارێزرێت. زەوییە تەرخانکراوەکان لە باشترین شوێنەکانی سنووری شارەوانیی کفری و ڕزگارین و بڕیارە دوای دابەشکردن، حکومەت دەست بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ڕێگەوبان بۆ ئەو ناوچانە بکات.
ئاڵنگارییەکان و کێشەی ناوی فەرمانبەران
لە قەزای کەلار پڕۆسەکە ڕووبەڕووی هەندێک گرفت بووەتەوە، چونکە شارەوانیی ناوچەکە ناوی 2,500 فەرمانبەری بڵاوکردووەتەوە کە کێشە لە زانیارییەکانیاندا هەبووە و پێویستیان بە چاککردن هەیە. لە لایەکی دیکەوە، هێشتا کێشەی قەرەبووی ئەو جووتیارانە بە تەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە کە زەوییەکانیان بۆ نیشتەجێبوونی فەرمانبەران تەرخان کراوە.
دواکەوتنی بڕیارەکە لەسەر ئاستی هەرێم
نزیکەی 2 ساڵ بەسەر بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینان تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 25%ی ئەو کەسانەی شایستەن زەوییان وەرگرتووە. جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە گەرمیان وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە کە ماوەیەکی زۆرە فەرمانبەران چاوەڕێی دەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا