لە هاویندا بەفر پڕۆژەی ئاوی چۆمانی پەکخست

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە هاویندا ڕنووی بەفر پڕۆژەی ئاوی چۆمانی پەکخست
لە هاویندا ڕنووی بەفر پڕۆژەی ئاوی چۆمانی پەکخست

بۆ یەکەمجار لە وەرزی هاویندا، ڕنی بەفر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو لە چۆمان پەکدەخات و هەزاران خێزان بێ ئاو دەبن، تیمە تەکنیکییەکانیش کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا دەکەن.

داڕمانی حەوزی سەرەکیی ئاو

کاتژمێر 05:00ی بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی هاتنی ڕنی بەفر (خلیسکان و هاتنەخوارەوەی بەفرێکی زۆر)، حەوزی سەرەکیی پڕۆژەی ئاوی چۆمان بە تەواوی داڕما. سیروان میر محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان ڕایگەیاند، هێزی ڕنی بەفرەکە ئەوەندە زۆر بووە کە حەوزەکەی تێکداوە و بۆرییەکانی ئاوی بۆ دووری 20 بۆ 30 مەتر فڕێداوە.

بێئاوبوونی 5,000 هاوبەش

بەهۆی ئەم ڕووداوە سروشتییەوە، پڕۆژەکە بە تەواوی لەکار کەوتووە و لە ئێستادا 5,000 هاوبەشی ئاو لە سنووری قەزای چۆمان بێ ئاو بوون. تیمەکان یەک کاتژمێر دوای ڕووداوەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و دەستپێکردنی کارەکانی چاککردنەوە.

چارەسەری کاتی و دروستکردنی حەوزی لاوەکی

بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان ئاماژەی بەوە کرد، چاککردنەوەی بنەڕەتیی پڕۆژەکە کاتێکی زۆری دەوێت. بۆیە وەک چارەسەرێکی سەرەتایی، بڕیار دراوە حەوزێکی لاوەکی دروست بکرێت تاوەکو بە شێوەیەکی کاتی ئاو بۆ ماڵەکان دابین بکرێتەوە، تا ئەو کاتەی پڕۆژە سەرەکییەکە بە تەواوی نۆژەن دەکرێتەوە.

ڕووداوێکی دەگمەن لە وەرزی هاویندا

بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بەفرێکی زۆر لە کوێستانەکانی ناوچەکە باریوە، ڕنی بەفرەکە لەم کاتەی هاویندا دروست بووە و زیانی بە پڕۆژەکە گەیاندووە. ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەفر کێشە بۆ پڕۆژەکە دروست دەکات، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە لە وەرزی گەرمادا بەهۆی بەفرەوە پڕۆژەی ئاوی چۆمان دووچاری داڕمان و پەککەوتن ببێتەوە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا