هۆشدارییەکى تووند لە وەزارەتى کارەباوە؛ هەر هاوبەشێک لە 50 ڕۆژدا پارە نەدات کارەباکەى دەبڕدرێت

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، زۆرینەی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان تێچووی کارەبایان کەمبووەتەوە
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، زۆرینەی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان تێچووی کارەبایان کەمبووەتەوە

وەزارەتى کارەباى هەرێمى کوردستان سیستمێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى داهات و بڕینى کارەباى ئەو هاوبەشانە جێبەجێ دەکات کە پابەندى پێدانى کرێى مانگانە نین و هۆشداریش دەداتە هاوڵاتییان کە گەڕانەوەى کارەبا دوای بڕین کاتى دەوێت.

مۆڵەتى 50 ڕۆژ بۆ پێدانى کرێى کارەبا

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى کارەبا، لە پاش دەرچوونى پسوڵەى مانگانە، هاوبەشان تەنیا 50 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەى پارەى کارەباکەیان بدەن. ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەکە خەرج نەکرێت، خزمەتگوزاریى کارەباى ئەو هاوبەشە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەبڕدرێت. ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنیا پڕۆژەى ڕووناکى و کرێى مانگانە دەگرێتەوە.

چارەنووسى قەرزە کۆنەکانى کارەبا

وەزارەتى کارەبا ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم مۆڵەتەى دیاریکراوە قەرزە کۆنەکان ناگرێتەوە. بڕیارى بڕینى کارەبا تەنیا بۆ کرێى نوێى مانگانەیە و سەبارەت بە قەرزە کۆنەکان، وەزارەت ئاماژەى بەوە کردووە کە لە داهاتوویەکى نزیکدا ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بۆ چۆنیەتى گەڕاندنەوەى ئەو قەرزانە ڕادەگەیەنرێت.

ئاگادارکردنەوە لە ڕێگەى کورتەنامە و سیستمى ئۆتۆماتیکى

بۆ ئەوەى هاوبەشان ئاگادارى وادەى بڕینى کارەباکەیان بن، وەزارەتى کارەبا لە ڕێگەى کورتەنامەوە (SMS) و بە 4 قۆناغی جیاواز ئاگادارییان بۆ ڕەوانە دەکات. ئەگەر هاوبەشەکە پاش ئەو ئاگادارکردنەوانە هەر پارەکە نەدات، سیستمەکە بە شێوەى ئۆتۆماتیکى کارەباکەى دەبڕێت و چیتر فەرمانبەرى وەزارەت بۆ بڕینى کارەبا ناچێتە شوێنى مەبەست.

میکانیزمى گەڕاندنەوەى کارەبا دوای بڕین

لە حاڵەتى بڕینى کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەى پسوڵەکەیانەوە پارەکە بدەن و لەو کاتەدا لە ماوەى 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشدارى دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بچێتە بەشى فرۆشتنى وزە بۆ پێدانى پارەکە، ڕەنگە پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کارەباکەى کاتێکى زۆرتر بخایەنێت و دوابکەوێت.

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا