وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ماوەی 3 ڕۆژی دیکە درێژ بکاتەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 372 هەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان کراوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێری 12ـی شەوی شەممە (18/7/2026) بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی تەواوی بڕە دیاریکراوەکە لە جووتیاران وەربگیرێت.
هۆکاری درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتنی گەنم
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتنی گەنمەوە بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، لە 12ـی حوزەیران پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و بڕیار بوو ئەمڕۆ 15ـی تەمموز کۆتایی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا هەمووی وەرنەگیراوە، پرۆسەکە درێژ دەکەنەوە.
بڕی گەنمی وەرگیراو و کاتی نوێی کۆتاییهاتن
نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراو و کاتی نوێی کۆتاییهاتنی پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 372 هەزار و 780 تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنەکەش ماوەی 3 ڕۆژی دیکە و تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی شەممە (18/7/2026) بەردەوام دەبێت.
بانگەوازێک بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی ڕادەستکردنی گەنمەکانەوە لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە داوای لە جووتیاران کرد لەو وادەیەی کە درێژکراوەتەوە، گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.
چارەنووسی ئەو گەنمەی لە سایلۆکان وەرناگیرێت
نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی ئەو گەنمەی جووتیاران کە لە دەرەوەی پلانەکە دەمێنێتەوە گوتی، دوو کۆمپانیا بە نرخێکی گونجاو ئەو گەنمە وەردەگرنەوە بە جۆرێک کە زیاتر بێت لە نرخی بازاڕ و کەمتر بێت لە نرخی سایلۆکان.
نرخ و پلانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ کڕینەوەی گەنم
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ئەمساڵ دوو جۆر نرخ و پلانی دیاریکردووە؛ بڕی 292,000 تۆن لە چوارچێوەی پلانەکەدایە و هەر تۆنێکی بە 700,000 دینار لێ وەردەگیرێت. هەروەها بڕی 108,000 تۆن لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت و نرخی هەر تۆنێک بە 500,000 دینار دیاریکراوە.
شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەردەوامیی پڕۆسەکە
نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیارانەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پارەیەی پێویستە بەغداد وەک شایستەی دارایی بۆ گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێم خەرجی بکات، دەگاتە 258,400,000,000 (دووسەد و پەنجا و هەشت ملیار و چوارسەد ملیۆن) دینار. پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگەنە ئەو ڕێژەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا