لە عێراق ڕێژەی هاوسەرگیری کەمیکردووە و جیابوونەوە زیادیکردووە

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە عێراق ڕێژەی هاوسەرگیری کەمیکردووە و جیابوونەوە زیادیکردووە
لە عێراق ڕێژەی هاوسەرگیری کەمیکردووە و جیابوونەوە زیادیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق نوێترین ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی مانگی حوزەیرانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە ڕێژەی پێکهێنانی خێزان بەراورد بە مانگی ئایار کەمی کردووە و لە بەرامبەریشدا هەڵوەشاندنەوەی خێزان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک پارێزگای بەغداد زۆرترین ڕێژەی هەردوو حاڵەتەکەی تێدا تۆمار کراوە.

ئاماری فەرمیی هاوسەرگیری و جیابوونەوە

لە ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دا ئاماژە بەوەکراوە، هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران و بەراورد بە مانگی ئایار کەمی کردووە و جیابوونەوە زیادی کردووە.

بەراوردکاریی نێوان مانگەکانی ئایار و حوزەیران

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە مانگی حوزەیراندا 28,085 حاڵەتی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە مانگی ئایاردا 29,491 حاڵەت بووە.

هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوە

هاوکات، ڕێژەی جیابوونەوە لە مانگی حوزەیران 6,250 حاڵەت بووە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا 5,829 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە. بەمەش دەردەکەوێت لەگەڵ ئەوەی مانگی ڕابردوو ڕێژەی هاوسەرگیری لە عێراق کەمی کردووە، کەچی جیابوونەوە زیادی کردووە.

پێشەنگیی پارێزگای بەغداد لە ئامارەکاندا

هەر بەگوێرەی ئامارەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، بەغداد بە نزیکەی 7,500 حاڵەتی هاوسەرگیری و 2,500 حاڵەتی جیابوونەوە، پێشەنگی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتووە.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا