بەفر و هاوین ئاوێزان بوون؛ لە باکووری کوردستان بەفر و سەرما جێگە بۆ گەرما و هاوین چۆڵ ناکەن

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە باکووری کوردستان بەفر و سەرما جێگە بۆ گەرما و هاوین چۆڵ ناکەن. فۆتۆ: AA
لە باکووری کوردستان بەفر و سەرما جێگە بۆ گەرما و هاوین چۆڵ ناکەن. فۆتۆ: AA

لە کاتێکدا جیهان و ئەورووپا بەدەست گەرمایەکی بێوێنەی چلەی هاوینەوە دەناڵێنن، لە بەرزاییەکانی باکووری کوردستان بەفری زستان و فێنکایی بەهار هێشتا ماونەتەوە. بوونی بەفری 7 مەتری لە جۆلەمێرگ و ئەرزڕووم، ژینگەیەکی جیاوازی بۆ گەشتیاران و ئاژەڵداران خوڵقاندووە کە تێیدا لە گەرمترین وەرزی ساڵدا، سۆپای دار دادەگیرسێنن.

ئاوێزانبوونی وەرزەکان لە کوێستانەکان

ئێستا چلەی هاوینە، بەڵام تازە بە تازە کوێستانەکانی باکووری کوردستان خاڵ خاڵ دەبنەوە و بەهار و هاوین ئاوێزانی یەکدی بوون و ئەوەش لە کاتێکدایە بەشی زۆری جیهان و تەنانەت ئەورووپاش بەدەست گەرمای تاقەتپڕوکێنی چلەی هاوینەوە دەناڵێنن، بەشێکی گەورەی باکووری کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، سروشتە ڕەنگینەکەی و جوگرافیا شاخاوییەکەوە، هاوینێکی فێنک و بەفراوی بەڕێ دەکات.

مانەوەی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان

لەم ڕۆژانەدا کە لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی جیهان، سەدان کەس بەهۆی گەرماوە دەمرن و هاوین تەنگی پێ هەڵچنیون، بەفری سەر شاخ و بەرزاییەکانی باکووری کوردستان لە جێگەی خۆیان ماونەتەوە و بەفراویش بە لوتکەی شاخەکاندا دێتە خوارەوە، تاوەکو دەگەنە ئەو لەوەڕگانەی شوانەکان ئاژەڵەکانی تێدا دەلەوەڕێنن.

جۆلەمێرگ؛ پارێزەری سروشتیی کوێستانەکان

لە بەرزاییەکانی جۆلەمێرگ، بەفر لەسەر لوتکەی شاخەکان و دەوروبەری گۆماوی سەر بەرزاییەکان ماوەتەوە و ڕێگە بە هاوین نادات کوێستانەکان بکاتە گەرمەسێر.

خۆڕاگریی بەفر لەبەردەم تیشکی خۆردا

سەرەڕای تینی خۆری تەمموز، بەفرەکە خۆی گرتووە و خاڵ خاڵ بووەتەوە و چاوەڕێیە لە مانگی ئەیلوول تێکەڵ بە بەفری نوێی زستان ببێت. ئامێرە باڵابەرزەکان لەناو بەفری باریوی زستانی جۆلەمێرگ ون بوون و سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو ڕێگایانەن کە بەهۆی بەفرەوە داخراون.

هەور و تەم؛ کەپری پارێزەری بەفری ئەرزڕووم

جگە لە ئامێرەکان، ئۆتۆمبێلی خەڵکی ناوچەکە بەناو ئەو بەرزە بەفرانەدا تێدەپەڕن، کە لە هەندێک شوێن دەگەنە 7 مەتر. لێرە و لە ئەرزڕوومیش هەور و تەم وەک کەپرێک بەسەر بەفری باریوی زستانەوە وەستاون و پارێزگاریی لێ دەکەن.

ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ کوێستانە ساردەکان

گۆمی نێوان چیاکان پڕن لە بەفراو و شاخەکانیش بە ڕووسپێتییەوە ئامادەن پێشوازی لە زستانی نوێ و سەرما و سۆڵە بکەن. مانەوەی سیمای زستان و بەهار لە بەرزاییەکانی ئەرزڕووم، ساڵانە 1,000 گەشتیار بۆ خۆی ڕادەکێشێت. گەشتیاران چلەی هاوین دەبەنە ئەو بەرزاییانەی خۆر زەفەریان پێ نابات.

وەرزش و مەلەوان لە ئاوی تەزیودا

ئەرزڕووم لەم وەرزەدا بووەتە جێگەی وێنەگر و شاخڕەوەکان و تاوەکو لوتکەی شاخەکان دەڕۆن و لە گەڕانەوەشدا لە ئاوی تەزیوی گۆمەکاندا مەلە دەکەن.

بەکارهێنانی سۆپا لە چلەی هاویندا

لە موشی باکووری کوردستانیش زستان و بەهار ڕێگە بە هاتنی هاوین نادەن و خەڵکی بەرزاییەکانی پارێزگاکە بەم چلەی هاوینە و بە ڕۆژی ڕووناک، بە سۆپای داری کوردستان خۆیان گەرم دەکەنەوە.

ژیانی ڕۆژانەی ژنانی ناوچە کوێستانییەکان

ژنانیش بە نانی گەرمی تەنورەکانیان، سفرەکانیان گەرم دەکەنەوە. هەروەها بەهاری بەجێماو هەزاران دۆنم زەوی سەوزیان پێشکەشی ئەو ئاژەڵانە کردووە کە شوانەکان بۆ لەوەڕ دەیانهێننە ئەم ناوچەیە.

خۆشترین ژیان لە باوەشی سروشتدا

لەم ناوچەیە نە ئاژەڵەکان بێلەوەڕ دەبن و نە چلەی هاوینیش جێگە بە شوان، کۆچەر و خەڵکی ناوچەکە لێژ دەکات. ئەوەش وای لە خەڵکی ناوچەکە کردووە بڵێن، ئەمە خۆشترین ژیانە بەدوایدا گەڕاون.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا