لەسەر هەڵکردنی ئاڵای داعش لە داقوق چەند گەنجێک دەستگیرکران

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڵکردنی ئاڵای ڕێکخراوی داعش لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی داقوق
هەڵکردنی ئاڵای ڕێکخراوی داعش لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی داقوق

لەسەر هەڵکردنی ئاڵای داعش لە گوندی عەنانەی سەر بە شارۆچکەی داقوق، چەند گەنجێک دەستگیرکراون، کەسوکارەکەیان دەڵێن، کوڕەکانمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براون و هیچ هەواڵێکیان نازانن.

هەڵکردنی ئاڵای داعش لە زەوییەکی کشتوکاڵیدا

بەیانی ئەمڕۆ لە زەوییەکی کشتوکاڵیدا ئاڵای ڕێکخراوی داعش هەڵکراوە و چەند دروشمێک لەسەر ستوونی کارەبای گوندەکە نووسراوە و تەقەمەنییەکیش دانراوە. لەپاش بینینی ئەو ئاڵا و تەقەمەنییە لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە هەواڵ بە هێزە ئەمنییەکان دراوە و ئەوان هاتوونەتە گوندەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

لە گوندەکە چەند کەسێک دەستگیر کراون

لەوبارەیەوە عەدنان حسێن، قایمقامی شارۆچکەی داقوق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق و هاتنیان بۆ گوندەکە، چەند کەسێک دەستگیرکراون.

سوپا بێ لێکۆڵینەوە چوار گەنجی لەو گوندە دەستگیر کردووە

کەسوکاری یەکێک لە گەنجەکان کە دانیشتووی گوندەکەیە بە کەناڵ8ـی گوت، سوپای عێراق بێ لێکۆڵینەوە، چوار گەنجی گوندەکەیانی دەستگیرکردووە کە دووانیان برازای ئەون.

دەشڵێت، گەنجەکان تەمەنیان لەنێوان 18 ساڵ بۆ 22 ساڵە و گومانیان هەیە بەهۆی ئەوەی کوردن دەستگیرکراون.

نیگەرانی ئەوەن نازانن کوڕەکانیان لە کوێیە

ڕوونیشیکردەوە، ئەوان نیگەرانن لەوەی نازانن کوڕەکانیان لەکوێیە و بێسەروشوێنن و لەگەڵ پۆلیسی داقوق قسەیانکردووە و ئەوانیش نازانن گەنجەکان بۆ کوێ براون. دەشڵێن، بە بۆچوونی ئەوان گەنجەکان بێتاوانن چونکە تاوەکو ئێستا چەکیان بەکارنەهێناوە و نازانن تەقەمەنی دابنێن.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا