جۆ بايدن کتێبێک لەبارەی ماوەی سەرۆکايەتييەکەی بڵاودەکاتەوە
جۆ بايدن سەرۆکی پێشووی ئەمريکا کتێبێکی لەبارەی ماوەی سەرۆکايەتييەکەی لە کۆشکی سپی بە ناوی "بەڵێنم پێبدە، ئەمريکا" نووسيوە و تيايدا باسی لەو بڕيارە گرنگانە کردووە کە لە کاتی سەرۆکايەتيدا داويەتی.
لە مانگی تشرینی دووەم بڵاودەبێتەوە
جۆ بايدن لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ئێکسی خۆی لە پەيامێکی ڤيديۆيدا باسی لەوەکردووە، کتێبەکەی لە 17ـی مانگی تشرينی دووەم بڵاودەبێتەوە و لە ئێستاوە ئارەزوومەندانی دەتوانن پێشوەختە داوای بکەن.
باسکردنی سەردەمی کۆرۆنا و پشێوییەکانی سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ
دەشڵێت "تيايدا باسی لەوەکردووە کە لە کاتی کۆرۆنادا چۆن ئەمريکای بەڕێوەبردووە، هەروەها ئەوەی چۆن وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ديموکراسی دوای پشێوييەکانی سەر باڵەخانەی کاپيتۆڵ و هێرشی لايەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر باڵەخانەکە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2020".
باسکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند ساڵەی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان
بايدن دەڵێت، لە کتێبەکەدا باسی کۆتايیهێنان بە شەڕی چەند ساڵەی وڵاتەکەی کردووە لە ئەفغانستان، بەهێزکردنی ناتۆ، پاڵپشتی ئۆکرانيا و ئەوەی بۆچی خۆی هەڵبژاردووەتەوە بۆ سەرۆکايەتیی ئەمريکا و لەبەرچیش کشاوەتەوە.
کاتی زۆر لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر دەبات
بايدن لە پەيامە ڤيديۆييەکەيدا باسی لەوەکردووە، ئێستا کاتی زۆر لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر دەبات و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە وەردەگرێت.
دەستکەوت و ململانێکانی ئیدارەی بایدن
ئيدارەی جۆ بايدن بە کۆمەڵێک دەستکەوت و ململانێدا تێپەڕی هەر لەو ئيدارەيەدا شەڕی ئۆکرانيا و غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەريهەڵدا، بەڵام پێدەچێت خوێنەرانی کتێبەکەی بايدن بەدوای ئەوەوە بن بزانن لەوکاتەدا تەندروستی چۆن بووە و ئەو وەڵامەيان دەستبکەوێت کە ئايا لە کۆتاييەکانی سەرۆکايەتييەکەيدا خەڵەفاوە ياخو نا.
کشانەوە لە بەربژێر بوون
بەتايبەت لە دوای ئەو ديبەيتەی کە لە مانگی حوزەيرانی 2024 لەگەڵ ترەمپ کردی کە بە خراپی دەردەکەوت و بووە هۆی ئەوەی لە بەربژێربوون بکشێتەوە و کامالا هاريسی جێگری لەبری ئەو خۆی بەربژێر کرد.
جيل بايدنی هاوسەری جۆ بايدن لە کتێبی يادەوەرييەکانی خۆيدا، لەبارەی ئەو ديبەيتەوە نووسيويەتی لە کاتی ئەو ديبەتەدا بايدن دۆخی باش نەبووە و لاواز بووە و خەريک بووە جەڵدەی مێشک لێيبات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا