قوباد تاڵەبانی بڕیاری دابەشکردنی زیاتر لە 17 هەزار پارچە زەوی لە گەرمیان دەرکرد
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ خزمەتکردنی فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاری دابەشکردنی هەزاران پارچە زەوی دا و پڕۆسەکەش هەر ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی گەرمیان
لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرە و سەرۆک شارەوانییەکانی سنوورەکە کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی دابەشکردنی زەوی بە وردی تاوتوێ کرا.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکان
بەپێی بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی، زیاتر لە 17000 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان تەرخان کراوە. لەو چوارچێوەیەدا، لە قەزای کەلار 11128 پارچە زەوی، لە قەزای کفری 2500 پارچە زەوی و لە ناحیەی رزگاریش 2500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
تەرخانکردنی زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان
بەشێکی تری بڕیارەکە تایبەت کراوە بە کەسوکاری شەهیدانی سنووری گەرمیان، کە تێیدا 1077 پارچە زەوی بۆ ئەو توێژە تەرخان کراوە. لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دابەشکردنی زەوییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و حیزبی دەبێت و هەموو کەسوکاری شەهیدان دەگرێتەوە.
دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردن
هەر لە ئەمڕۆوە و ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان، دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی پارچە زەوییەکان کراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا مۆڵەتی یاسایی و ڕێکارەکان تەواو بکرێن.


2 کاتژمێر پێش ئێستا