وەزیرى نەوت: بۆرى نەوت لە بەسرەوە بۆ پێشخاپوور ڕادەکێشرێت
باسم محەممەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەى پلانى هەیە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بکات بۆ ڕاکێشانى هێڵێکى بۆرى بۆ گواستنەوەى نەوت لە بەسرەوە بۆ پێشخاپوور.
کێشەی ئابووری و دارایی بەربەست بووە
وەزیری نەوت لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کێشەی ئابووری و دارایی بەربەست بووە لە ڕاکێشانى بۆری نوێ، بەڵام ئێستا هاوپەیمانییەک هەیە لەنێوان دوو کۆمپانیای ئەمریکی ئەوانیش کۆمپانیاکانى "تی ئای کاپیتاڵ و شیڤرۆن" و کۆمپانیای یو سی سی قەتەڕی، هەروەها کۆمپانیایەکی عێراقی دەچێتە هاوپەیمانییەکەوە و لە ڕاکێشانى بۆرییەکە بەشدار دەبێت.
لە بەسرەوە بۆ پیشخاپوور و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆرییە نەوتییەکە لە بەسرەوە بۆ پێشخاپوور و لەوێشەوە بە بەندەرى جەیهان و لقێکیش دەچێتە حەدیسە و بە بەندەرى بانیاسەوە دەبەسترێتەوە.
بوونی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان ترەمپ و زەیدی
وەزیری نەوت گوتیشی "لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی هەیە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ عێراق".
بەگوتەى باسم محەممەد خوزەیر، لە پێش جەنگدا عێراق ستراتیجی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەبووە، جەختیکردەوە "ناکرێت عێراق کە یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی هەیە، تەنیا لە یەک دەروازەوە هەناردەى بکات کە ئەویش گەرووى هوورمزە".
3 کاتژمێر پێش ئێستا