پرۆژەى ڕووناکى کارەباى منداڵێکى بڕی کە بە ئامێری ئۆکسجین هەناسە دەدات
کێشە و سەرئێشەى پرۆژەى ڕووناکى کۆتایى نایەت، بەم چلەى هاوینە لە زاخۆ کارەباى خێزانێکیان بڕى کە منداڵێکى خاوەن پێداویستى تایبەتییان هەیە و بەردەوام پێویستى بە ئامێری ئۆکسجین هەیە.
بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارەبای ماڵەکە بڕدراوە
باوکى منداڵەکە دیمەنێکى ڤیدیۆیی بۆ کەناڵ8 ناردووە دەڵێت، بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە ڕاستەوخۆ کارەباى ماڵەکەى بڕدراوە و پاش بەدواداچوون پێیان گووتووە" پارەى کارەباى نەداوە بۆیە کارەباکەى بڕدراوە".
باوکی منداڵەکە مووچەخۆری حکومەتە و 50 ڕۆژە مووچەی وەرنەگرتووە
باوکى منداڵەکە مووچەخۆرى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستانە و 50 ڕۆژە مووچەى وەرنەگرتووە، گوتى "کە مووچە نەبێت چۆن بتوانم پارەى کارەبا بدەم".
ژیانی منداڵە نەخۆشەکە لە مەترسیدایە
داوا لە بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى دهۆک کرد کارەباکەى بۆ بگەڕێننەوە چونکە ژیانى منداڵە نەخۆشەکەى لە مەترسیدایە و ئامێرى دابینکردنى ئۆکسجینەکەى پێویستى بە کارەباى بەردەوامە. بەڵێنیش دەدات لەگەڵ وەرگرتنى مووچەکەى پارەى کارەبا بدات.
ڕاگەیێنراوێکی هەڕەشەئامێزی وەزارەتی کارەبا
وەزارەتى کارەباى حکومەتى کاربەڕێکەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکى هەڕەشەئامێزدا گوتى "هەر هاوبەشێکى کارەبا پاش 50 ڕۆژ لە دەرچوونى پسوڵەى کارەبا پارەکەى نەدات ڕاستەوخۆ کارەباکەى دەبڕدرێت".
3 کاتژمێر پێش ئێستا