پەرلەمانتارێکى یەکگرتوو: پرۆژەى ڕووناکى لە کابینەى پێشتر ناوى کارەباى 24 کاتژمێریى بوو

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کاوە عەلى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو
کاوە عەلى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو

کاوە عەلى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فڕاکسیۆنى یەکگرتوو ڕایگەیاند، لە کابینەکانى پێشتر کار بۆ دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێریى کراوە و پێوەرى زیرەکى بۆ دابینکرا، بەڵام ئەم کابینەیە هاتە سەر حازرى و تەنیا ناوى پرۆژەکەى گۆڕى بۆ پرۆژەى ڕووناکى و نرخەکەى گران کرد.

گێڕانەوەی مێژووی کارەبای 24 کاتژمێری

کاوە عەلى، مێژووى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێریى بەمجۆرە دەگێڕێتەوە، سەرەتا حکومەت بۆ ڕێکخستنى بەکارهێنانى کارەبا هەوڵى دانانى پێوەرى زیرەکى دا، لە پاش کۆنترۆڵکردنى بەکارهێنان لە رێگەى پێوەرەکەوە هەوڵى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێریى دا و لە کۆتایی ساڵى 2017 دەست بە بەستنى پێوەرەکان کرا.

گۆڕینی ناوەکە و زیادکردنی نرخەکەی

بە گوتەى پەرلەمانتارەکە، بەڵام کابینەى نۆیەم ناوى پرۆژەکەى گۆڕى بۆ پرۆژەى ڕووناکى و نرخەکەى زیادکرد، بەهۆى زیادکردنى نرخ خواست کەمبووەوە و توانرا کارەباى بەردەوام بدرێتە هاوبەشەکان.

حکومەتی کاربەڕێکەر بە نایاسایی نرخی کارەبای زیادکردووە

پەرلەمانتارەکەى یەکگرتوو جەخت دەکاتەوە کابینەى نۆیەم نە داهێنەرى پێوەرى زیرەک بووە و نە لەسەردەمى ئەویش گرێبەست بۆ دانانیان واژۆکراوە، بەڵکو تەنیا پرۆژەکەیان لە وەزارەتى کارەباوە گواستووەتەوە ئەنجوومەنى وەزیران، نرخیان چوار بۆ پێنج هێندە زیادکردووە و ئەگەرچى حکومەتى کاربەڕێکەر دەسەڵاتى ئەو نرخ زیادکردنەى نییە، بەڵام بەنایاسایی پرۆژەکەى جێبەجێکردووە.

پێشکەشکردنی چەند چارەسەرێکی هەنووکەیی

پەرلەمانتارەکەى فڕاکسیۆنى یەکگرتوو، چەند ڕێگەچارەیەکى هەنووکەیی بۆ کەمکردنەوەى بارگرانى نرخى کارەبا لەسەر هاونیشتمانییان ئاڕاستەى حکومەتى کاربەڕێکەر دەکات، داواى دەکات مانگانە لێخۆشبوون بۆ بڕێک لە پارەى ئەو هاوبەشانە دەربکرێت کە داهاتیان سنووردارە، پشتیوانى ئەو خێزانانە بکرێت کە کەمترین کارەبا بەکاردێنن، لەگەڵ هاوکاریکردنى ئەوانەى پارەى کارەباى نیشتمانى و مۆلیدەش دەدەن.

لە کۆتایدا کاوە عەلى دەڵێت، پرۆژەى ڕووناکى بەتەواوى وەزارەتى کارەباى پەکخستووە و گواستراوەتەوە نوسینگەى سەرۆکوەزیران.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا