عەلى زەیدى و وەزیرى دەرەوەى ئوردن لە واشنتن کۆبوونەوە
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەگەڵ ئەیمەن سەفدى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن، بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەى هێڵى بۆرى نەوتى بەسڕە-عەقەبەى تاوتوێکرد.
تاوتوێکردنی هێڵى بۆرى نەوتى بەسڕە-عەقەبە
نوسینگەى ڕۆژنامەوانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، عەلى فالح زەیدى، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شوێنى مانەوەى لە واشنتن، لەگەڵ ئەیمەن سەفدى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن، لە پەراوێزى سەردانە فەرمییەکەى بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێى هێڵى بۆرى نەوتى بەسڕە-عەقەبە، گفتوگۆ و باسى لێوەکرا.
بانگهێشتنامەی فەرمی پادشای ئوردنی بۆ زەیدی بۆ سەردانی ئوردن
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى دەرەوەى ئوردن، نامەى بانگهێشتنامەى فەرمى شا عەبدوڵا، پادشاى ئوردنى گەیاندە عەلى زەیدى، تاوەکو سەردانى ئوردن بکات.
جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان
بەگوێرەى ڕاگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە تۆم باراک، نێردەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ عێراق، ئامادەیبوو، تیایدا ڕێگەکانى پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تواناى بەرزکردنەوەى ئاستى هاریکارى لە زۆربەى کەرتە جیاوازەکان و ئابووریی و گەشەپێدان و پڕۆژەى هێڵى نەوتى بەسڕە – عەقەبە و جێبەجێکردنى پڕۆژەى بەستنەوەى کارەباى نێوان ئوردن و عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى نێوانیان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
تاوتوێکردنی ئاڵنکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان
ئاماژە بەوەشکراوە، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا، ئاڵنگارییەکان و گۆڕانکارییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێکراوە، هەروەها بۆچوونى هەردولا لەسەر دۆخى ناوچەکە لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرنگى پەرەپێدانى ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەکە، لەڕێگەى پاڵپشتى دیپلۆماسییەت بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان لەخۆى گرت.
گەیاندنی سڵاوی تایبەتی شا عەبدوڵا
لایخۆیەوە، وەزیرى دەرەوەى ئوردن، سڵاوى تایبەتى شا عەبدوڵا، پادشاى ئوردنى گەیاندە سەرۆکوەزیرانى عێراق و جەختیکردەوە، کە وڵاتەکەیان سوورە لەسەر پەرەپێدانى هەلى هاوبەش و فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەنێوان هەردولادا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا