پێنج بیروڕای هەڵە دەربارەی دووگیانی کە پێویستە چیتر بڕوایان پێ نەکەیت!
زۆرجار دایکان لە کاتی دووگیانیدا کۆمەڵێک ئامۆژگاری دەبیستن کە لە زانستی پزیشکییەوە دوورن، بیروڕا هەڵەکان بریتین لە:
پێویستە هێندەی دوو کەس نان بخۆیت!
ئەمە یەکێکە لە گەورەترین بیروباوەڕە هەڵەکان، خانمی دووگیان پێویستی بە جۆری خۆراکی گونجاو هەیە، نەک چەندایەتیی(بڕی)ـی خواردن
وەرزشکردن مەترسیدارە و دەبێتەهۆی لەبارچوون!
ئەگەر دووگیانیی خانمەکە ئاسایی بێت و پزیشکەکە ڕێگری لە وەرزشکردنی خانمە دووگیانەکە نەکردبێت، ئەوا ئەنجامدانی وەرزشی سووک و مامناوەند زۆر بەسوودە، وەرزش ئازاری پشت کەم دەکاتەوە، باری دەروونی دایکەکە باشتر دەکات و پرۆسەی لەدایکبوونیش ئاسانتر دەکات
شێوەی زگی دایکەکە ڕەگەزی کۆرپەلە دیاری دەکات!
دەوترێت ئەگەر زگ بەرەو سەرەوە بێت کچە و ئەگەر بەرەو خوارەوە بێت کوڕە! ئەمە تەنها ئەفسانەیە، شێوەی زگی دایکەکە بەپێی بەهێزیی ماسولکەکانی سک، پێکهاتەی جەستەی دایکەکە و پێگەی کۆرپەلەکە خۆی لەناو منداڵداندا دەگۆڕێت
نابێت بەهیچ شێوەیەک چا و قاوە بخۆیتەوە!
پێویست ناکات خواردنی پێکهاتەی کافاین بە تەواوی تەرک بکرێت، بەڵکو تەنیا پێویستە ڕێژەکەی کەم بکرێتەوە
پشکنینی سۆنەر بۆ کۆرپەلە مەترسیدارە!
لە پشکنینی سۆنەردا شەپۆلی دەنگی بەکاردەهێنرێت نەک تیشکی زیانبەخش
د. تاڤان فاتیح
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
2 کاتژمێر پێش ئێستا