عەممار حەکیم: دۆخەکە دەخوازێت چەک لە دەستى دەوڵەتدا بێت
عەممار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانی دەڵێت، دۆخى نێودەوڵەتى و بەرژەوەندییەکانى دەوڵەت دەخوازێت چەک لە دەستى دەوڵەتدا بێت، جەختیشیکردەوە، هەر کەسێک لەسەر بنەماى دانپێدانانى کەسێکى دیکە دەستگیر دەکرێت تاوانبار نییە، تاوەکو تاوانەکەى نەسەلمێنرێت.
بڕیاری جەنگ و ئاشتی بە دەستی ئەنجوومەنی نوێنەرانە
عەممار حەکیم، لە میانى سەردانێکدا بۆ پارێزگاى ئەنبار و کۆبوونەوەى لە کەسایەتى و سەرۆکهۆزەکانى پارێزگاکە ڕایگەیاند، بڕیارى جەنگ و ئاشتى بە دەستى ئەنجوومەنى نوێنەرانە بەگوێرەى دەستوور، ئەو بڕیار دەدات.
کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت پێویستییەکى نیشتمانییە
گوتیشى، کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، پێویستییەکى نیشتمانییە، ئەوەش لە دەستووردا هاتووە و مەرجەعییەتیش داواى کردووە، هەموو سەرۆکوەزیرانەکانیش کە بەدواى یەکدا هاتوون، بە ڕوونى لە کارنامەکەیاندا ئاماژەیان بەو دەقە کردووە .
عێراق وڵاتێکى خاوەن سەروەرى و حکومەتێکى شەرعییە
عەممار حەکیم جەختیشیکردەوە، دۆخى نێودەوڵەتى و بەرژەوەندى دەوڵەت دەخوازێت کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنرێت و عێراق وڵاتێکى خاوەن سەروەرى و حکومەتێکى شەرعى و هەڵبژێردراوە و دەبێت چەک لە دەستى خۆیدا بێت.
تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو ئەوکاتەى تاوانەکەى لەسەر دەسەلمێنرێت
لە بارەى هەڵمەتەکانى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى حەکیم ئاماژەى بەوەکرد، دەستگیرکردنى کەسانێک لەسەر بنەماى دانپێدانى کەسێک لە زیندان واتاى ئەوە نییە ئەو کەسە تاوانبارە، تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو ئەوکاتەى تاوانەکەى لەسەر دەسەلمێنرێت.
پشیتوانیکردن لە بڕیاری دادگا
گوتیشى، بەداخەوە لە کۆمەڵگەکەیاندا دۆخێک هەیە، هەرکەسێک یاداشتى دەستگیرکردنى بۆ دەردەچێت بە گەندەڵ هەژمار دەکرێت، بەڵام نابێت پەلە بکرێت و پێش لێکۆڵینەوە و بڕیارى دادگا بڕیارى لەسەر بدەن.
دووپاتیشیکردەوە، ئەوان لەگەڵ بڕیارى دادگان لە دژى هەر کەسێک بێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا