ئامانج ڕەحیم بۆ کەناڵ8: جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کراوەتە مەرجی ناردنی مووچەی فەرمانبەران
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کلیلی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە جێبەجێکردنی سیستمێکی نوێی گومرگیدایە و تەنیا یەک خاڵ لەبەردەم ڕێککەوتنی کۆتایی ماوە.
مەرجەکانی بەغداد بۆ ناردنی مووچە
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەرێکەرى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ناردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە بەستراوەتەوە بە سێ مەرجی سەرەکی، کە بریتین لە: ڕادەستکردنی داهاتى نانەوتى، جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوتی هەرێمی کوردستان.
خاڵی ناکۆکی لە سیستمی ئەسیکۆدا
سەبارەت بە سیستمى ئەسیکۆدا، ئامانج ڕەحیم ئاشکرای کرد کە هەولێر و بەغداد لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام تەنیا یەک خاڵی هونەری و یاسایی ماوە کە ئێستا لەبەردەم عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە بۆ بڕیاردان. ئەم خاڵە پەیوەستە بە میکانیزمى وەرگرتنى داهاتەکان و چۆنێتى دابەشکردنیان لەنێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمی کوردستاندا.
کێشەی 120 ملیار دینارەکە و زیادکردنی داهات
سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەش کرد، سەرەڕاى ئەوەى داهاتى نانەوتى هەرێم کەمیکردووە، بەڵام حکومەتى فیدراڵ هێشتا ڕژدە لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دینارى مانگانە وەک پشکی داهاتی ناوخۆ. ناوبراو جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونى داهاتى نانەوتى، ئەمەش وا دەکات هەرێمى کوردستان ئاسانتر بتوانێت پابەندییە داراییەکانى بەرامبەر بە بەغداد جێبەجێ بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا