عەلی زەیدی: هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر هەوڵێکی تاوانکارییە و چاوپۆشی لێناکەین

کەناڵ8 4 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

دوای تێکشکاندنی 8 درۆن لە ئاسمانی هەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بکەن.

تێکشکاندنی 8 درۆن لە ئاسمانی هەولێر

بەپێی ڕاگەیێندراوی دژەتیرۆری کوردستان، شەوی چوارشەممە 15-07-2026، لە نێوان کاژێر 20:53 بۆ 21:20، هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی شاری هەولێر کران. هێزەکانی هاوپەیمانان توانییان سەرجەم درۆنەکان لە ئاسماندا تێکبشکێنن و ڕێگری لە گەیشتنیان بە ئامانجەکان بکەن. ئەمە یەکەم هێرشی لەو جۆرەیە کە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێتە سەر سەنتەری هەولێر.

زیانەکان و پاشماوەی درۆنەکان

پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان لە شەقامی 150 مەتری و چەند گەڕەکێکی دیکەی شاری هەولێر کەوتنە خوارەوە. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان و ڤیدیۆی شایەتحاڵان، پارچەی درۆنێک بەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کەوتووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەکان کرد.

هەڵوێستی تووندی سەرۆکوەزیران

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "هەوڵێکی تاوانکاری" بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی وەسفی کرد. زەیدی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکانی فیدراڵ کرد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی زیان بە ئاسایشی وڵات دەگەیێنن.

کەناڵ8

4 کاتژمێر پێش ئێستا