ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە دەکات

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی بارەگای خاتەمولئەنبیا
لۆگۆی بارەگای خاتەمولئەنبیا

تاران هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیێنێت، گەرووی هورمز هێڵێکی سوورە و تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا دان بە سەروەریی یاسای ئێران دا نەنێت، گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.

هورمز؛ هێڵی سووری ئێران

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـى تەممووزى 2026، بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستتێوەردانێکی ئەمریکا لە کاروباری گەرووی هورمز نادەن. تاران جەختی کردەوە، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە پرسێکی نیشتمانییە و وەک هێڵێکی سوور مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک ببەزێندرێت.

هەڕەشە لە ژێرخانی ناوچەکە

لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ لێدانی وێستگەکانی کارەبا، بارەگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری دا، ئەگەر واشنتن دەست بۆ ژێرخانی ئێران بەرێت، ئەوا تاران لە بەرامبەردا ژێرخانی تەواوی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. تاران دووپاتی کردەوە کە وەڵامەکەیان تەنیا هاوشێوە نابێت، بەڵکو وەڵامێکی زۆر تووندتر، فراوانتر و وێرانکەرتر دەبێت کە ئەمریکا چاوەڕوانی ناکات.

کۆنترۆڵی ستراتیژی و مەرجی کردنەوەی گەرووەکە

عەمید جەنەڕاڵ محەمەد ئەکرامینیە، گوتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاند، ستراتیجیی وڵاتەکەی بۆ داخستنی گەرووی هورمز یەکلاکەرەوەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئەو کاتەی واشنتن دان بە سیستمی سەروەریی یاسای ئێران دا نەنێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە. جەختیشی کردەوە، توانای سەربازیی تاران بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر گەرووەکەدا سنووردار نییە و پشت بە هیچ کەناراوێک یان دوورگەیەک نابەستێت.

هێرشەکانی ئەمریکا و ئامانجی واشنتن

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە مەرجەکانی واشنتن لە بارەی گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمی پەسەند بکات، ئەگەرنا ژێرخانی وڵاتەکە خاپوور دەکەن. لەم هەفتەیەدا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە چڕی پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە باشووری وڵاتەکە پێکاوە. بەرپرسانی واشنتن جەخت دەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکییان تەنیا دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە لە گەرووی هورمزدا.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا