دۆزینەوەی 25 ملیار دینار و 4 کیلۆ زێڕی دیکە لە ناو دیوارەکاندا

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەو 25 ملیار دینارەى لە دیواردا لە یەکێک لە ماڵەکانى پارێزگاى سەڵاحەددین دۆزرایەوە
ئەو 25 ملیار دینارەى لە دیواردا لە یەکێک لە ماڵەکانى پارێزگاى سەڵاحەددین دۆزرایەوە

لە درێژەی گەورەترین دۆسیەی گەندەڵیدا، دادگای دژە گەندەڵی دەستی بەسەر 25 ملیار دینار و 4 کیلۆگرام زێڕدا گرت کە لە ناو دیوار و ماڵی چەند کەسێکی نزیک لە عەدنان جومەیلی شاردرابوونەوە.

دۆزینەوەی پارە لە ناو دیوارەکاندا

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی دژە گەندەڵی، دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی دیکە لە پارە و زێڕی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت ڕاگەیاند. ئەمجارە تیمەکان توانیویانە 25 ملیار دینار و 200 هەزار دۆلار لەگەڵ 4 کیلۆگرام زێڕ بدۆزنەوە، کە بە شێوەیەکی تۆکمە لە ناو دیوار و ماڵی چەند کەسێکدا شاردرابوونەوە.

پارە لە ژێر زەوی و ملیۆنان دۆلار لە ناو تەنووردا

ئەم دۆسیەیە پڕە لە ڕووداوی سەرسوڕهێنەر؛ پێشتر تیمەکان 67 ملیار دیناریان لە ماڵێکدا دۆزییەوە کە بە قووڵایی 4 مەتر لە ژێر زەویدا نێژرابوو. هەروەها خێزان و براکەی جومەیلی لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، هەوڵیان دابوو 5 ملیۆن دۆلار و ملیارەها دینار لە ناو تەنووری نانکردنی ماڵەکەیاندا بسووتێنن تاوەکو بەڵگەکان لەناو ببەن، بەڵام پێش سووتانی تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

ئامارە فەرمییەکانی دۆسیەی جومەیلی

بەپێی دوایین ئامارەکانی دادگای دژە گەندەڵی، تاوەکو ئێستا کۆی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان لەم دۆسیەیەدا گەیشتووەتە 123 ملیار دینار و زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار. جگە لە پارەی کاش، دەست بەسەر 7.5 کیلۆگرام زێڕ، 71 موڵکی گرانبەها لە بەغداد و هەولێر و سەڵاحەدین، لەگەڵ بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیراوە.

فراوانبوونی لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنی بەرپرسان

دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووەتە هۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەکان چەندین بەرپرسی باڵا بگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا ڕائید جبووری، پارێزگاری پێشووتر و بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی سەڵاحەدین دەستگیرکراون. جبووری کە پزیشک و سیاسییە، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە گەندەڵیی پڕۆژەکانی دروستکردنی نەخۆشخانە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا دۆسیەی گەورەتریش ئاشکرا ببن._

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا