سکچوون سێیەم باوترین هۆکاری مردنی منداڵانە لە جیهاندا
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، سکچوون هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانی منداڵانە و لە وەرزە گەرمەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ساڵانە 443,832 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ و 50,851 منداڵی تەمەن پێنج بۆ 9 ساڵ، بەهۆی سکچوونەوە گیانلەدەستدەدەن.
هاوکات سکچوون بە سێیەم باوترین هۆکاری مردنی منداڵان پێناسە دەکرێت و ساڵانە 1.7 ملیار کەس لە جیهاندا تووشی دەبن.
سکچوون هۆکارێکە بۆ بەدخۆراکی و بەدخۆراکیش سکچوون خراپتر دەکات، ئەمەش دەکرێت مەترسیدار و کوشندەبێت.
گەورەترین گرفت کە سکچوون دروستی دەکات وشکبوونەوەیە، وشکبوونەوەش کۆمەڵێک نیشانەی هەیە، وەکو:
- بێهۆشکەوتن
- قوڵبوونەوەی چاوەکان
- کەسەکە ناتوانێت ئاو زۆر بخواتەوە
- لەکاتی ڕاکێشان و بەردانی پێستدا، پێست درەنگتر دەچێتەوە جێی خۆی
- ئەگەر وشکبوونەوەکە زۆر نەبێت، کەسەکە زۆر تینووی دەبێت
- کەمبوونەوەی میز
- دەموشکی
- نەبوونی فرمێسک
گرنگە لەکاتی تووشبوون بە سکچوون پەنا نەبرێتە بەر بەکارهێنانی هیچ جۆرە دەرمانێک و تەنیا هەوڵی خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنییەکان بدرێت.
ئەگەر کەسەکە نەیتوانی بە هیچ جۆرێک خواردن و خواردنەوە بخوات، یان زۆر بێهێز بوو و سکچوونەکەی زۆر و ئاوی بوو، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا