جووتیارێکی دهۆک: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە پارەی کارەباکەمان لە 1 ملیۆنەوە بووەتە 3 ملیۆن دینار
جووتیارانی دهۆک بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکیدا نیگەرانن و داوای دابەزاندنی نرخەکان دەکەن؛ بەڕێوەبەری کارەباش دەڵێت، "ئەم نرخە هێشتا هەرزانترینە".
گلەیی جووتیاران لە سێ هێندە بوونی نرخ
حەسەن سپینداری، جووتیارێک لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئاماژە بەوە دەکات کە پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەگەر مانگانە بڕی 1,000,000 دینار پارەی کارەبای بۆ بگەڕایەتەوە، ئێستا هەمان بڕی بەکارهێنان بووەتە 3,000,000 دینار. ئەو جووتیارە جەخت دەکاتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە بارگرانییەکی زۆرە و داوا دەکات بە زووترین کات نرخەکان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و هەرزان بکرێن.
بەرزبوونەوەی نرخی یەکەی کارەبا
بە گوێرەی ئامارەکان، پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، نرخی یەک یەکەی کارەبا بۆ جووتیاران تەنیا 18 دینار بووە، بەڵام ئێستا و لە ژێر سایەی پڕۆژە نوێیەکەدا، نرخی یەک یەکە گەیشتووەتە 60 دینار. ئەم بازدانە گەورەیە لە نرخەکاندا وایکردووە تێچووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
وەڵامی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆک
لە بەرامبەر گلەیی جووتیاراندا، حازم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ڕایگەیاندووە، بەراورد بە کەرتەکانی دیکە، کارەبای پڕۆژە کشتوکاڵییەکان هێشتا بە هەرزانترین نرخ هەژمار دەکرێت. بەرپرسانی کارەبا بۆچونیان وایە نرخەکان بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی پڕۆژەکە و بەردەوامیی کارەبا دیاری کراون.
دۆخی کارەبا و پشتبەستن بە مۆلیدە
ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک، ڕۆژانە 20 بۆ 21 کاتژمێر کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی بۆ هاونیشتمانیان و جووتیاران دابین دەکرێت. ئەو کاتانەشی کە کارەبای پڕۆژەکە دەبڕدرێت، لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە پڕ دەکرێتەوە. گرانبوونی کارەبای ڕووناکی لە لایەک و کرێی مۆلیدە لە لایەکی دیکە، بووەتە بارگرانییەکی زۆری دارایی لەسەر شانی هاونیشتمانییان و خاوەنکاران.
2 کاتژمێر پێش ئێستا